بڕیارێکی نوێ لە بەرژەوەندیی حاجییانی هەرێمی کوردستان درا
مەرج و پێداویستییەکانی وەرگرتنی دۆلار بە نرخی بانکی ناوەندی.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی ئاسانکارییەکان بۆ گەشتیارانی ماڵی خودا، پڕۆسەی پێدانی دۆلاری بە نرخی فەرمیی بانکی ناوەندی بەو هاووڵاتییانە دەست پێ کرد کە ناویان بۆ حەجی ئەمساڵ دەرچووە.
ئەمڕۆ کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی کوردستان ڕایگەیاند: هەر حاجییەک مافی وەرگرتنی 2000 دۆلاری بە نرخی بانکی ناوەندی هەیە. بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە حاجییان بڕی 2 ملیۆن و 665 هەزار دینار لەگەڵ پاسپۆرت و ڤیزای حەج ئامادە بکەن و سەردانی بانکی جیهان یان نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە جۆرەکانی (A-B) بکەن.
بەپێی گوتەی گوتەبێژی حەج و عومرە، ئەم هەنگاوە بارسوکییەکی دارایی بەرچاو بۆ حاجییان دروست دەکات، بە جۆرێک هەر کەسێک بڕی 450 هەزار دینار لە نرخی بازاڕ سوودمەند دەبێت.
سەبارەت بە گواستنەوەی حاجییان، کاروان ستوونی ئاماژەی بەوە کرد کە بە هەوڵی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی ئەوقاف، فڕۆکە بۆ ئەو حاجییانە دابینکراوە کە لە دەروازەی عەرعەرەوە گەشت دەکەن، تاوەکوو ڕاستەوخۆ بگوازرێنەوە بۆ شاری جەددە لە عەرەبستانی سعودییە. ئێستا زۆرینەی ڕێکارە کارگێڕییەکان تەواو بوون و ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنی گەشتەکان لە قۆناغی کۆتاییدان.