پایتەخت

مەسرور بارزانی: من زۆر نیگەرانم لە رووداوی تەقەکردنەکە لە ئاهەنگی ژەمی ئێوارەی پەیامنێرانی کۆشکی سپی

مەسرور بارزانی: من زۆر نیگەرانم لە رووداوی تەقەکردنەکە لە ئاهەنگی ژەمی ئێوارەی پەیامنێرانی کۆشکی سپی
کورتە

مەسرور بارزانی لەسەر تەقەکردنەکەی واشنتن: توندوتیژی هیچ شوێنێکی لە ژیانی گشتیدا نییە

 

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان نیگەرانیی قووڵی خۆی لەبارەی تەقەکردن لەو هۆتێلەی دۆناڵد ترەمپی لێبووە دەربڕی و ڕایگەیاند، دڵخۆشە کە سەرۆک ترەمپ و میوانەکان سەلامەتن.


شەوی یەکشەممە، 26-04-2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا نووسیویەتی: "من زۆر نیگەرانم لە ڕووداوی تەقەکردنەکە لە ئاهەنگی ژەمی ئێوارەی پەیامنێرانی کۆشکی سپی لە واشنتن."

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە هەواڵی سەلامەتیی بەشداربووانی مەراسیمەکەی پێ گەیشتووە و وتی: "دڵخۆشم کە سەرۆک ترەمپ، خانمی یەکەم، جێگری سەرۆک، ئەندامانی کابینەکە، ڕۆژنامەنووسان و میوانەکان سەلامەتن و هیچ زیانێکیان پێ نەگەیشتووە."


مەسرور بارزانی لە کۆتایی پەیامەکەیدا جەختی لە پرەنسیپە دیموکراسییەکان کردەوە و ڕایگەیاند، پەنابردن بۆ توندوتیژی لە کێبڕکێ و ژیانی گشتیدا کارێکی نەخوازراوە، ئاماژەی بەوەش کرد کە: "توندوتیژی هیچ شوێنێکی لە ژیانی گشتیدا نییە."


تەقەکردنەکە لە کاتێکدا بووە کە ئاهەنگی ساڵانەی پەیامنێرانی کۆشکی سپی لە هۆتێلی (واشنتن هیڵتن) بەڕێوەچووە، کە تێیدا ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و ڕۆژنامەنووسان ئامادەبوون، بەڵام بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان هیچ کام لە بەرپرسە باڵاکان زیانیان بەرنەکەوتووە.

26 نیسان 2026 21:33
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026