ھێرتسۆگ: جارێ لێخۆشبوون بۆ نەتانیاھۆ دەرناکەم
سهرۆكی ئیسرائیل به مهرج له نهتهنیاهۆ خۆش دهبێت
سەرۆکی ئیسرائیل، بە فەرمی بێدەنگی شکاند و هەڵوێستی خۆی لەبارەی دۆسیە یاساییە ئاڵۆزەکەی بنیامین نەتانیاھۆ ڕاگەیاند. ھێرتسۆگ جەختی کردەوە کە بڕیاری لێخۆشبوون تەنها ئەو کاتە تاوتوێ دەکات کە 'ڕێککەوتنی دانپێدانان' لە نێوان لایەنەکاندا بگاتە بنبەست.
ئهمڕۆ ئیسحاق ھێرتسۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕایگهیاند، گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی یاسایی لە دەرەوەی دادگا 'باشترین بژاردەیە' بۆ پاراستنی سەقامگیریی سیاسی و کۆمەڵایەتی. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە فشارە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەت لەلایەن دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکاوە، بۆ داخستنی کەیسەکەی نەتانیاھۆ زیادی کردووە.
نەتانیاھۆ کە یەکەم سەرۆکوەزیرانە لە مێژووی ئیسرائیلدا لە کاتی دەسەڵاتدا ڕووبەڕووی تۆمەتی گەندەڵی، بەرتیل و خیانەت لە متمانە ببێتەوە، بڕیارە ئەم هەفتەیە دووبارە بچێتەوە بەردەم دادگا. سەرەڕای ئەوەی نەتانیاھۆ هەموو تۆمەتەکان ڕەت دەکاتەوە، بەڵام ئەم دۆسیەیە بۆ ماوەی دە ساڵە گۆڕەپانی سیاسی ئیسرائیلی دابەش کردووە و بووەتە هۆی تێپەڕاندنی پێنج خولی هەڵبژاردن لە ماوەی چوار ساڵدا.
هەڵوێستەکەی ھێرتسۆگ جۆرێکە لە 'کڕینی کات' بۆ ئەوەی ڕێگە بۆ ڕێککەوتنێکی سیاسی-یاسایی خۆش بکات کە تێیدا نەتانیاھۆ لە هەندێک تۆمەت دان بنێت و لە بەرامبەردا سزاکەی سووک بکرێت یان لێی خۆش بن، بەبێ ئەوەی دامەزراوەی دادوەری تووشی شۆک ببێت.