پایتەخت

ته‌قه‌كه‌ره‌كه‌ی به‌رده‌ره‌ش ده‌ستگیركرا

ته‌قه‌كه‌ره‌كه‌ی به‌رده‌ره‌ش ده‌ستگیركرا
کورتە

وردەکاری دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی تەمەن 22 ساڵان و برینداربوونی دوو منداڵ

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئاکرێ، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد کە هێزەکانی پۆلیسی بەردەرەش توانیویانە تۆمەتباری سەرەکیی ڕووداوێکی تەقەکردن دەستگیر بکەن، کە لە ئەنجامدا مێردمنداڵێک و منداڵێک بە سەختی بریندار بوون.

 

ئه‌مشه‌و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئاکرێ ڕایگه‌یاند، لە کاتژمێر 9:00ی شەوی 2026/4/24 لە گەڕەکی شۆڕشی سەنتەری قەزای بەردەرەش ڕووداوێكی ته‌قه‌كردن ڕوویدا. هۆکاری ڕووداوەکە بۆ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی کۆن دەگەڕێتەوە، کە تێیدا تەقە لە مێردمنداڵێک بەناوی (د.م.ع) تەمەن 14 ساڵ و منداڵێک بەناوی (م.ن.م) تەمەن 10 ساڵ کراوە. بەهۆی سەختیی برینەکانیانەوە، هەردوو بریندارەکە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی پارێزگای هەولێر کراون.

 

پۆلیس نووسیویه‌تی، دوای کۆکردنەوەی زانیاریی ورد، هێزەکانی پۆلیسی بەردەرەش توانییان تۆمەتباری سەرەکی بەناوی (م. ط. ش) تەمەن 22 ساڵ دەستگیر بکەن. هاوکات پۆلیس دەستی بەسەر ئەو چەک و ئۆتۆمبێلەدا گرتووە کە لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکەدا بەکارهێنراون.

 

به‌پێی بڵاوكراوه‌كه‌، لە ئێستادا تۆمەتبارەکە بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی و بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی بەردەرەش دەستگیر کراوە. دۆسیەی لێکۆڵینەوە لە بنکەی پۆلیسی بەردەرەش کراوەتەوە و ڕێکارە یاساییەکان بۆ تەواوکردنی لێکۆڵینەوە بەردەوامن.

24 نیسان 2026 23:30
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026