پایتەخت

باران و هەورەبرووسکە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

باران و هەورەبرووسکە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە
کورتە

ڕاگەیەندراوێک سەبارەت بە ناسەقامگیریی دۆخی کەشوهەوا لە هەرێمی کوردستان بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو

كه‌شناسی هۆشداری به‌ هاووڵاتییان ده‌دات، له‌وه‌ی كه‌ ناوچەکە دەکەوێتە ژێر کاریگەریی بارستە هەوایەکی ناسەقامگیر، کە دەبێتە هۆی دروستبوونی گەواڵەبارانی بەهاری و هەورەبرووسکە لە ناوچە جیاجیاکاندا.

 

ئه‌مڕۆ بەشی پێشبینی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، ڕاپۆرتی شیکاریی خۆی سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا بۆ ڕۆژانی 24 و 25ی نیسانی 2026 بڵاوکردەوە.

 

بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە بۆ ڕۆژی هەینی، ئاسمانی ناوچەکە بە گشتی لە نێوان پەڵەهەور و نیمچەهەوردا دەبێت، بەڵام لە کاتەکانی نیوەڕۆ تاوەکو ئێوارە، ئەگەری گۆڕانی ئاسمان بۆ هەوری تەواو و دابارینی نمەباران و بارانی مامناوەند لە ئارادایە. ئەم شەپۆلە بە شێوەیەکی سەرەکی ئیدارەکانی ڕاپەڕین و سۆران، ناوچە شاخاوییەکانی هەولێر و دهۆک، هەروەها سەنتەری شارەکانی هەولێر، کەرکووک و باشووری پارێزگای سلێمانی دەگرێتەوە.

 

سەبارەت بە ڕۆژی شەممە، کەشناسی جەختی لەوە کردووەتەوە کە کاریگەریی ئەم ناسەقامگیرییە لە ناوچە شاخاوییەکانی هەولێر، دهۆک و ئیدارەی سۆران بەردەوامی دەبێت، بە جۆرێک پێشبینی دەکرێت دابارین بە شێوەی نمەباران و گەواڵەبارانی بەهاری لەو شوێنانەدا چڕ ببێتەوە.

 

له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ هاتووە، سیستەمی با لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوودا بە شێوەیەکی گۆڕاو دەبێت؛ بۆ ڕۆژی هەینی خێرایی با لە نێوان 10 - 20 کم/ک دەبێت و لە هەندێک کاتدا چالاک دەبێت بۆ سەروو 30 کم/ک. بەڵام بۆ ڕۆژی شەممە، خێرایی با ڕوو لە هێوربوونەوە دەکات و بۆ 05 - 15 کم/ک دادەبەزێت. هاوکات، مەودای بینین لە نێوان 8 بۆ 10 کیلۆمەتردا جێگیر دەبێت، ئەمەش ئاستێکی ئاساییە بۆ هاتووچۆی گشتی.

 

له‌ ڕاگەیەندراوەکە ڕوون كراوه‌ته‌وه‌، کە پلەکانی گەرما لە ڕۆژی هەینیدا جێگیر دەبن و نزیک دەبن لە تۆمارکراوەکانی ڕۆژی پێشوو، بەڵام بۆ ڕۆژی شەممە پێشبینی بەرزبوونەوەیەکی کەم بە بڕی 1 بۆ 2 پلەی سیلیزی دەکرێت.

 

بەپێی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە، بەرزترین پلەی گەرما لە سەنتەری پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان بەم شێوەیە دەبێت:

 

هەولێر: (23 بۆ 24) پلە

سلێمانی: (22 بۆ 23) پلە

دهۆک: (25) پلە (بە جێگیری)

گەرمیان: (28 بۆ 29) پلە

هەڵەبجە: (26 بۆ 27) پلە

سۆران: (19 بۆ 20) پلە

حاجی ئۆمەران: (14 بۆ 13) پلە (کە ساردترین ناوچەی هەرێم دەبێت).

 

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، کەشناسی داوا لە هاووڵاتییان دەکات لە کاتی چالاکبوونی هەورەبرووسکە و هەورە تریشقەدا، ڕێکارە پارێزگارییەکان ڕەچاو بکەن، بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان و ئەو شوێنانەی ئەگەری گەواڵەبارانی تووندیان لێ دەکرێت.

24 نیسان 2026 17:49
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026