پهیامێكی خێرا له حكومهتی ههرێمی كوردستانهوه
هەرێمی کوردستان: تۆمەتەکانی ئێران بێ بنەمان و دوورن لە ڕاستی.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا نیگەرانی قووڵی خۆی بەرامبەر بەو تۆمەتانە دەربڕی کە لەلایەن دامەزراوە دادوەری و میدیاییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ئاراستەی هەرێم کراون.
ئهمڕۆ حکومەتی هەرێمی كوردستان له ڕاگهیهندراوێكدا ئەو دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە کە باس لە بوونی بنکەی مەشق و ڕاهێنانی دەزگا هەواڵگرییە بیانییەکان لە خاکی هەرێمدا دەکەن، جەختیشی کردەوە کە بەستنەوەی هەرێم بەم جۆرە دۆسیانەوە بێ بنەمایە و دوورە لە ڕاستییەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە بەردەوامیدان بەم جۆرە تۆمەتبەخشانە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە پێویستی بە دانبەخۆداگرتن و گفتوگۆی بەرپرسیارانە هەیە، نەک تێکدانی سەقامگیری.
حکومەتی هەرێم دووپاتی کردەوە کە هەمیشە وەک فاکتەرێکی ئاشتی و بێلایەنی لە ناوچەکەدا ماوەتەوە و پابەندە بە دەستووری عێراق و پرنسیپی دراوسێیەتی باش، هەر بۆیە ڕێگە نادات خاکی هەرێم بۆ هەڕەشەکردن لە ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە حکومەتی فیدراڵیی عێراق کرد کە بەرپرسیارێتییە دەستوورییەکانی خۆی لە پاراستنی سەروەریی وڵات جێبەجێ بکات و ڕێگری لەو پێشێلکاریانە بکات کە دەکرێنە سەر خاکی هەرێم. هاوکات داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرا کە هەوڵەکانیان بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان چڕ بکەنەوە و ڕێز لە سەروەریی خاک و پاراستنی گیانی هاووڵاتییان بگرن تاوەکو ئاشتییەکی بەردەوام لە ناوچەکەدا بەدی بێت.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە گەلی کوردستان دەیان ساڵە لە پێناو مافە دەستوورییەکانی قوربانی دەدات، بۆیە حکومەتی هەرێم بەردەوام دەبێت لەسەر حکومڕانییەکی بەرپرسیارانە. جەخت لەوەش کراوەتەوە کە پەرەپێدانی پەیوەندییە بنیاتنەرەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان لە کارە لە پێشینەکانی حکومەت دەمێنێتەوە، بە ئامانجی پاراستنی کەرامەت و ئاسایشی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.