پایتەخت

مەرجی نوێ بۆ وەرگرتنی قەرز ڕاگه‌یه‌ندرا

مەرجی نوێ بۆ وەرگرتنی قەرز ڕاگه‌یه‌ندرا
بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI)
کورتە

بانکی TBI مەرجەکانی قەرزی گۆڕی، وردەکاری لێرەیە.

لە هەنگاوێکی ستراتیژیدا بۆ بەهێزکردنی توانای کڕین و ڕەخساندنی دەرفەتی وەبەرهێنانی بچووک بۆ مووچەخۆران، بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) پڕۆگرامێکی گشتگیری بۆ قەرزی کەسی ڕاگەیاند.

 

بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بە فەرمی پاکێجێکی نوێی ڕێنماییەکانی تایبەت بە پێدانی قەرزی کەسی بۆ فەرمانبەرانی کەرتی گشتی (مووچەخۆران) ڕاگەیاند، کە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە بڕی قەرز، ماوەی دانەوە و سیستەمی گەرەنتییەکاندا کردووە. بەپێی ئەم ڕێنماییە نوێیانە، سەقفی قەرزەکان تا 100 ملیۆن دینار بەرزکراوەتەوە، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ پاڵپشتی دارایی ئەو فەرمانبەرانەی مووچەکانیان لای بانکەکە تەوتین کراوە.

 

به‌پێی نووسراوێكی فه‌رمی بانکەکە پێدانی قەرزەکانی بەپێی قەبارەی دارایی بۆ سێ ئاستی سەرەکی دابەش کردووە، کە هەر یەکێکیان ماوەی دانەوە و مەرجی تایبەتی هەیە. بۆ نموونه‌ ئاستی یەکەم قەرزی نێوان (10 بۆ 30) ملیۆن دیناره‌، کە ماوەی دانەوەکەی 6 ساڵە و پێویستی بە کەفالەتی کەسی، گرێبەست و به‌ڵێننامه‌ هەیە.

 

هه‌روه‌ها بۆ ئاستی دووەم كه‌ قەرزی نێوان (30 بۆ 50) ملیۆن دینارییه‌، ماوە‌ی 8 ساڵ بۆ دانەوەی دیاریکراوە و هەمان مەرجەکانی کەفالەت و به‌ڵێننامه‌ دەیگرێتەوە. له‌ ئاستی سێیەمیشدا قەرزە نیشتەجێبوون و گەورەکان کە لە (50 بۆ 100) ملیۆن دینار دەستپێدەکات، ماوەی دانەوەکەی بۆ 10 ساڵ درێژکراوەتەوە، بەڵام وەک گەرەنتییەکی زیاتر، مەرجی قه‌رزی خانوبەرە لەگەڵ کەفالەت و به‌ڵێننامه‌دا چەسپێندراوە.

 

لە ڕووی تێچووی داراییەوە، بانکەکە ڕێژەی سوودی ساڵانەی بە 5% جێگیر کردووە، بەڵام بە پەیڕەوکردنی میتۆدی (قسط المتناقص - Diminishing Balance)؛ ئەمەش بەو مانایەیە کە بڕی سوودەکە مانگ بە مانگ لەگەڵ کەمبوونەوەی قەرزە سەرەکییەکە کەم دەبێتەوە. هەروەها وەک پارێزبەندییەک بۆ توانای بژێوی فەرمانبەر، مەرج دانراوە کە نابێت بڕی قیستی مانگانە لە 50%ی کۆی مووچەی مانگانە تێپەڕ بکات.

 

یەکێک لە دیارترین ئاسانکارییەکان لەم ڕێنماییەدا، لابردنی مەرجی کەفیلە بۆ ئەو قەرزانەی بڕەکەیان تا 15 ملیۆن دینارە، بەو مەرجەی وەرگرەکە فەرمانبەری میلاکی هەمیشەیی بێت. سەبارەت بە تەمەنی یاساییش، ڕێنماییەکان جەخت دەکەنەوە کە دەبێت تەمەنی قەرزوەرگر و کەفیلەکە لە کاتی کۆتاییهاتنی ماوەی قەرزەکەدا لە 60 ساڵ زیاتر نەبێت.

 

ئەم جووڵە نوێیە لە چوارچێوەی فراوانکردنی ڕەخساندنی دەرفەتی زیاترە بۆ مووچەخۆران تا بتوانن پێداویستییە داراییە ستراتیژییەکانیان لە ڕێگەی قەرزی درێژخایەنه‌وه‌ دابین بکەن.

23 نیسان 2026 12:17
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026