ئهحمهد ئهسهف خیانهتی هاوڕێكانی لاهور تاڵهبانی ئاشكرا دهكات
فهرماندهیهكی سهربازی لاهور تاڵهبانی پهیامێكی تووندی بڵاوكردهوه
لە پەیامێکی تووند و ڕاشکاودا، فەرماندە ئەحمەد ئەسەف هێرشێکی تووند دەکاتە سەر ئەو لایەن و کەسایەتییانەی کە پێشتر لەژێر سێبەری لاهور تاڵهبانی-دا پێگەیان دروست کردووە و ئێستا لە ئاست زیندانیکردن و مانگرتنی ناوبراودا بێدەنگن.
ئهمڕۆ فهرمانده ئهحمهد ئهسهف، كهسی نزیكی لاهور تاڵهبانی و یهكێك له فهرمانده سهربازییهكانی لالهزار ڕایگهیاند، مێژوو ڕەحم بەوانە ناکات کە تەواوکەری ئهو سیناریۆیانهن دژی لاهور تاڵهبانی داڕێژراوه.
لە پەیامەکەیدا، فەرماندە ئەحمەد ئەسەف دەڵێت: "ڕووی قسەم لەو کەسانەیە کە دوێنێ لە سێبەری هێز و ناوی کاک لاهوردا خۆیان وەک سەرکردە و پیاوی دەوڵەت نیشان دەدا، بەڵام ئەمڕۆ لە ئاست ئەو نادادییەی بەرامبەری دەکرێت نەک هەر بێدەنگن، بەڵکو بوونەتە تەواوکاری ئەو سیناریۆیانەی کە بۆ زیندانیکردنی داڕێژراون. دەمەوێت پێیان بڵێم؛ مێژوو زۆر لەوە بێبەزەییترە کە ئێوە بیری لێ دەکەنەوە."
لەبارەی دۆخی ئێستای لاهور تاڵهبانی و هەڵوێستی هاوڕێکانی دوێنێی، ئەسەف ئاماژە بەوە دەکات: "ئەگەر کاک لاهور ئێستا لە پشتی میلە ئەستوورەکانی زینداندا بێت و مانی لە خواردن گرتبێت، ئەوا دڵنیابن ئێوە لەناو زیندانێکی زۆر گەورەتردان؛ زیندانی ویژدان و شەرمەزاری. ئەو پێگە و پارەیەی کە ئەمڕۆ شانازی پێوە دەکەن، بەرهەمی ماندووبوونی ئەو پیاوە بوو کە ئێستا ئێوە پشتی تێدەکەن. جیاوازییەکە لێرەدایە: ئەو بە هەڵوێستەوە دەمێنێتەوە، بەڵام ئێوە بە پارە دەڕۆن."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، هۆشداریی تووند دەدات و دەڵێت: "ئەگەر وابیردەکەنەوە بە بێدەنگی و پشتکردنە هاوڕێی دوێنێتان دەتوانن بەرژەوەندییەکانتان بپارێزن، ئەوا هەڵەیەکی کوشندە دەکەن. ئەوەی بە پارە کڕدرابێت، لە یەک ساتدا وەک بڵق دەبێت بە هەڵم. ڕۆژێک دێت نە پارە دەمێنێت و نە پێگە، تەنها ئەو ڕوویە ڕەشەتان دەمێنێتەوە کە لە کاتی تەنگانەدا نیشانتان دا. ئێمە دانانیشین چاوەڕێی مەرگی ئازیزانمان بین، بەڵکو هەڵوێستی کرداریمان دەبێت."