ڕۆژنامەی گاردیان: سەربازانی ئیسرائیل لە ڕێگەی دەستدرێژی سێکسییەوە فەڵەستینییەکان دەردەکەن
ئیسرائیل بەردەوامە لە چەوساندنەوەی سیستەماتیکی فەڵەستینییەکانی کەرتی ڕۆژئاوا، کچانی ناوچەکە ناچار دەکەن لە تەمەنێکی بچووکدا شوو بکەن.
سەربازانی ئیسرائیل تاکتیکێکی ترسناک لە دژی فەڵەستینییەکانی کەناری ڕۆژئاوا بەکار دەهێنن؛ پسپۆڕانی مافی مرۆڤ هۆشداری دەدەن.
ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بڵاویکردەوە، پسپۆرانی یاسا و مافی مرۆڤ هۆشدارییان لە دیاردەیەک داوە، کە تێیدا سەربازانی ئیسرائیل و جوونشینەکانی کەرتی ڕۆژئاوای فەڵەستین، تووندووتیژی جێندەری بەکاردەهێنن وەک، دەستدرێژی و گێچەڵی سێکسی تا فەڵەستینییەکان ناچار بکەن کەرتەکە جێبهێڵن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەم ڕۆژنامە بەریتانییە، ئەم جۆرە هێرشانەی سەربازانی ئیسرائیل بووەتەوە هۆی ئەوەی کچانی هەرزەکار واز لە قوتابخانە بهێنن و بەناچاری لە تەمەنێکی بچووکدا شوو بکەن.
ڕاپۆرتەکانی ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی دەریدەخەن، جگە لە کچان و ئافرەتان، تەنانەت پیاوان و منداڵانیش سکاڵای "جل داکەندنی زۆرەملێ، گەڕانی شوێنە هەستیارییەکانی جەستە و هەڕەشەی دەستدرێژی سێکسی"ـیان کردووە.
کیفایە خرەیم، سەرۆکی یەکەی داکۆکیکار لە رێخراوی سەنتەری ئافرەتان بۆ هاوکاری یاسایی و ڕاوێژکاریی (WCLAC) ڕایگەیاند، کچان ناچنە قوتابخانە و لەتەمەنێکی بچووکدا شوو دەکەن، "ئێمە دەزانین ئەو کچانە خوار تەمەن 18 ساڵن و دایک و باوکان دەیانەوێت لە ناوچەکە بیانبەنە دەرەوە تا لە دەستی سەربازە ئیسرائیلییەکان بیانپارێزن."
لەلایەکی دیکەوە، توێژەرانی کۆمەڵەی پاراستنی کەناری ڕۆژئاوا لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا 16 حەڵەتی تووندووتیژی سێکسییان تۆمار کردووە، بەڵام دەڵێن لەوانەیە ڕێژەکە زۆر لەوە زیاتر بێت بەهۆی ئەو "شەرمەزاریی و ناوزڕاندن"ـەی کە قوربانییەکان ڕووبەڕووی دەبنەوە و بۆیە سکاڵا تۆمار ناکەن.