بافڵ و قوباد تاڵەبانی دەزانن ئەو سیناریۆیانەی بۆ لاهور شێخ جەنگیان دروست کردووە لەبەردەم یاسا هەڵدەوەشێنەوە
زانا عەبدولرەحمان: نێوان سێدارەی یاسا و تیرۆری سیاسی کاتێک مانگرتن دەبێتە دوا سەنگەر
لە بەیانییەوە لاهور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی، لە پێناو یەکلاکردنەوەی کەیسەکەیان مانیان لە خواردن گرتووە، ئاماژە بەوە دەدەن، بەردەوام دەبن تاوەکو دادپەروەری و سەروەری یاسا لە دۆسییەکانیان بەدی بکرێت.
دەقی نووسینەکەی زانا عەبدولرەحمان، پەرلەمانتاری پێشووی کوردستان:
نێوان سێدارەی یاسا و تیرۆری سیاسی: کاتێک مانگرتن دەبێتە دوا سەنگەر
کاتێک دەسەڵات شکۆ و سەربەخۆیی دادگا دەخاتە ژێر پێڵاوەکانی و دامەزراوەکان دەکاتە حەوشەی پشتەوەی ماڵبات، ئیتر بێدەنگی واتای ڕەزامەندی دەگەیەنێت. پەیامەکەی لاهور شێخ جەنگی لە زیندانەوە، تەنها گوزارشت نییە لە ستەمێکی کەسی، بەڵکو ڕاگەیاندنی "کۆچی دوایی" دادپەروەرییە لە ژێر سێبەری حوکمڕانییەکدا کە فێری بێدەنگکردنی نەیار بووە نەک سەروەری هەشت مانگ زیندانیکردنی ناڕەوا و ڕێگریکردن لە چوونە پێشەوەی دۆسیەکە بۆ دادگای تەمیز، یەک ڕاستی دەسەلمێنێت: بافڵ و قوباد تاڵەبانی لە سێبەری یاسا دەترسن. ئەوان دەزانن ئەو "سیناریۆ" و تۆمەتانەی بۆ لاهور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی هەڵبەستراون، لە بەردەم بچووکترین وردبینیی یاسایی و بێلایەنانەدا هەڵدەوەشێنەوە. بۆیە پەنا دەبەنە بەر "تیرۆری کات" و پەکخستنی دادگا بۆ ئەوەی ڕاستییەکان لە تاریکیدا بمێننەوە.
بڕیاری مانگرتن لە خواردنی لاهور شێخ جەنگی پۆڵاد شێخ جەنگی ، دوا ئامرازی شۆڕشگێڕانەیە بۆ هەڵماڵینی دەمامکی ئەو دەسەڵاتەی کە لافی "دیموکراسی و یەکسانی" لێ دەدات، بەڵام لە ناوەوەدا خەریکی داڕماندنی کۆڵەکەکانی کۆمەڵگەیە. ئەمە مانگرتن نییە تەنها بۆ ئازادی، بەڵکو سەرکێشییە بە ژیان بۆ ئەوەی سلێمانی و جیهان بزانن کە دادگاکانی ئەم شارە کراونەتە "دیوەخانی سیاسی" و فەرمان لە تەلەفۆنەکانەوە وەردەگرن، نەک لە دەقە یاساییەکان.
ئەو فشارانەی دەخرێنە سەر دادوەران و ئەو ڕێگرییانەی لە ڕێڕەوی یاسا دەکرێن، تەنها ڕق و کینەی خەڵک بەرامبەر بە دەسەڵاتی بنەماڵە قووڵتر دەکاتەوە. لاهور شێخ جەنگی بە جەستەی خۆی و بە برسیبوونی، خەریکی نووسینەوەی مێژوویەکی نوێیە؛ مێژوویەک کە تێیدا نادادی دەبێتە سووتەمەنی بۆ ڕاپەڕینی ویژدانەکان.
هەر مەترسییەک لەسەر ژیانی مانگرتووان، ڕاستەوخۆ لە ئەستۆی ئەو کەسانەیە کە یاسایان کردووەتە بارمتە.
ئیتر کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بەم شانۆگەرییە تالە بهێنرێت. ئەوانەی لە دادگا دەترسن، بێگومان لە حەقیقەت دەترسن.