ترەمپ دەیەوێت کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبێل چەکی بۆ دروست بکەن
ئەمریکا دەیەوێت بە هەموو شێوەیەک تواناکانی سەربازی زیاد بکات؛ داوای بودجەی تریلیۆن دۆلاریی و بەشداری کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبێل لە دروستکردنی چەک کردووە.
ئەمریکا هەوڵی فراوانکردنی هۆیەکانی بەرهەمهێنانی چەک دەدات و دەیەوێت کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبێل بەشێک لە توانای کارگەکانیان بۆ دروستکردنی چەک تەرخان بکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ڕایگەیاند، لەسەر بەرهەمهێنانی چەک و پێداویستییە سەربازییەکان، بەرپرسانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گفتوگۆیان لەگەڵ چەندین خاوەن کۆمپانیای زەبەلاحی دروستکردنی ئۆتۆمبێل کردووە، لەوانەش وەک بەرپرسانی باڵای کۆمپانیاکانی جەنەراڵ مۆتۆرز و فۆرد مۆتۆر.
بەگوێرەی ئەم سەرچاوەیە، گفتوگۆکان بەر لە دەستپێکردنی جەنگی ئێران کراون، بەمەش ئیدارەی ترەمپ دەیەوێت کۆمپانیاکانی دروستکردنی ئۆتۆمبێل و کۆمپانیاکانی دیکەی پیشەساز، رۆڵێکی فراوانیان لە دروستکردنی چەک هەبێت و بەشێک لە توانای کارگەکانیان بۆ دروستکردنی تەقەمەنی و کەرەستەی سەربازی تەرخان بکەن.
هاوكات بەرپرسێکی پنتاگۆن بە ئاژانسی رۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، وەزارەتی جەنگ پابەندە بە فراوانکردنی خێرای بنکەی پیشەسازی بەرگری، ئەمەش لە ڕێگەی سوود وەرگرتن لە هەموو چارەسەرە بازرگانییە بەردەستەکان و تەکنەلۆژیاکان بۆ دڵنیابوون لەوەی هێزە چەکدارەکانمان لە باڵا دەستییەكی یەكلاكەرەوەدان.
ئەم هەوڵانەی ئەمریکا لە کاتێکدایە، هەر ئەم ئەم مانگە لەکاتی جەنگی ئەمریکا لەگەڵ ئێران، ترەمپ داوای بودجەیەکی 1.5 تریلیۆن دۆلاری کرد، کە گەورەترین بودجەی بەرگرییە لە مێژووی هاوچەرخی ئەمریکادا. مانگی سێی ڕابردووش وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) داوای لە کۆشکی سپی کرد "داواکاری پارەدارکردنی 200 ملیار دۆلار" بۆ کۆنگرێسی وڵاتەکە قبووڵ بکات.