بڕیاری لێخۆشبوون لە سزای دارایی بۆ بیانییەکان دەرکرا
وەزارەتی ناوخۆ، بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ ئەو بیانیانەی نشینگەیان بەسەرچووە دەکرد
وەزارەتی ناوخۆ، بڕیاری لێخۆشبوونی لە سزای دارایی بۆ ئەو بیانیانەی نشینگەیان بەسەرچووە و لە دەرەوەی هەرێمن دەکرد.
کەمێک لەمەوبەر وەزارەتی ناوخۆ بڵاویکردەوە، بە مەبەستی هاوکاریکردن و کارئاسانی بۆ ئەو بیانیانەی بەهۆی بارودۆخی شەڕەوە نەیانتوانیوە گەشت بکەن یان نشینگەکانیان نوێ بکەنەوە، بڕیاریدا بە لێخۆشبوونی لە سزای دارایی.
بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ بەم شێوەیەی خوارەوە:
- ئەوانەی لە دوای 28ـی شوباتی 2026 نشینگەکەیان بەسەرچووە، دەتوانن تا 30ـی نیسانی 2026 بە هەمان کارت بگەڕێنەوە هەرێم و بێ سزا نشینگەکەیان نوێ بکەنەوە، دوای ئەم ڕێککەوتە پێویستیان بە ڤیزای نوێ دەبێت.
-ئەو بیانیانەی نشینگە یان پاسپۆرتەکەیان بەسەرچووە و نەیانتوانیوە گەشت بکەن، تا 30ـی نیسانی 2026 دەتوانن بەبێ پێدانی سزای دارایی مۆری دەرچوون وەربگرن و گەشت بکەن، هەروەها ئەو کەسانەی کە بەڵگەیان هەیە کە مامەڵەی پاسپۆرتیان بەهۆی شەڕەوە دواکەوتووە، لە سزا دەبوردرێن.
-ئەو گەشتیارانەی لە دوای 28ـی شوباتی 2026 ڤیزاکەیان بەسەرچووە، دەتوانن تا 30ـی نیسانی 2026 بەبێ سزا لە فڕۆکەخانە و دەروازەکانەوە بچنە دەرەوە، ئەوانەشی دەیانەوێت ڤیزاکەیان بگۆڕن بۆ نشینگە، بەبێ سزا و بەپێی ڕێنماییەکان مامەڵەیان بۆ دەکرێت.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ هاتووە، ئەم بڕیارانە تەنها تا کۆتایی مانگی نیسانی 2026 کاری پێدەکرێت بۆیە پێویستە لە کاتی دیاریکراودا سەردانی بەڕێوەبەرایەتیەکانی پەیوەندیدار بکەن بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکانتان.