ئێران هاتووچۆی بازرگانی لە گەرووی هورمز ڕادەگرێت
ئێران بڕیاری وەستاندنی هاتووچۆی لە گەرووی هورمز دا
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی دەنگۆی دووبارە دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان، ئێران بڕیاری وەستاندنی هاتووچۆی لە گەرووی هورمز دا.
ئەمڕۆ سێشەممە، پێگەی بلوومبێرگ لە زاری کەسێک کە ئاگاداری بڕیارەکانی ئێرانە ئاشكرا کردووە، ئێران بە مەبەستی خۆلادان لە ئەگەری گەمارۆی گەرووی هورمز لەلایەن ئەمریکا و پاراستنی دانوستانەکان لە لەناوچوون، بۆ ماوەیەکی کاتی هاتووچۆی بازرگانی لە گەرووەکە ڕادەگرێت.
ئەم سەرچاوەیە ئاماژەی بە ویستی ئێران لەم هەڵوێستە نوێیە کردووە و جەختی کردووەتەوە، کە ئێران نایەوێت دووبارە دۆخێکی نالەبار لە کاتێکی هەستیاری دیپلۆماسی لەگەڵ واشنتن سەرهەڵبداتەوە.
بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، پاکستان پەیوەندی بە هەردوو شاندی ئێران و ئەمریکا بۆ گەڕێکی نوێی دانوستان لە ئیسلامئاباد کردووە و وەڵآمی ئەرێنی لە هەردوولا لەسەر ئەم بابەتە وەرگرتووە. پێشبینی دەکرێت کۆتایی ئەم هەفتەیە شاندی هەردوو وڵات بۆ گەڕێکی دیکەی دانوستان بگەڕێنەوە ئیسلامئاباد.
دوای داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە، حەمید حوسەینی، گوتەبێژی یەکێتیی هەناردەکارانی نەوت و غازی ئێران ئاماژەی بەوە دا، ئێران بڕیاری داوە لە بەرامبەر تێپەڕبوونی هەر بەرمیلێک نەوت بە گەرووی هورمزدا یەک دۆلار باج وەربگرێت، کەشتییە بەتاڵەکانیش دەتوانن بە خۆڕایی تێپەڕن.
راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، سەرەڕای رێککەوتنی ئاگربەستی 2 هەفتەیی نێوان تاران و واشنتن، تاوەکو ئێستا تەنیا ژمارەیەکی کەم لە کەشتییەکان بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕیون.