پایتەخت

فرۆشتنی بەنزین بە جلیكان قەدەغە کرا

فرۆشتنی بەنزین بە جلیكان قەدەغە کرا
کورتە

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر نەهێشتنی سەرپێچی و زێدەڕۆییەكانی بەنزینخانەكان و فرۆشتنی بەنزینی بە جلیكان ڕاگەیاند.

فرۆشتنی بەنزین بە جلیكان و لەسەر شەقامەكاندا قەدەغە کرا، پارێزگاری هەولێر ئاماژە بەوە دەدات، هەر کەسێک ئەم کارە بکات ڕێكاری یاسایی توندی لە بەرامبەردا دەگیرێتەبەر.

ئەمرۆ سێشەممە، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ئامادەبوونی نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی ناوەندی و ئاری كاكەشین، بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی هەولێر، كۆبوونەوەیەك لەگەڵ ئەنجوومەنی بەنزینخانەكان ئەنجامدرا.

پارێزگاری هەولێر دووپاتی کردەوە، بەهۆی ئەو هەوڵانەوە توانراوە كۆنتڕۆڵی كۆالێتی بەنزین بۆ ئاستێكی زۆر باش بكرێت.

ئومێد خۆشناو لە کۆبوونەوەکە جەختی لە نەهێشتنی سەرپێچی و زێدەڕۆییەكانی بەنزینخانەكان كردەوە، هەروەها باسی لەوە کرد، لە سنووری پارێزگای هەولێر بەهەموو شێوەیەك فرۆشتنی بەنزین بە جلیكان و لەناو ئۆتۆمبێلەكان و لەسەر شەقامەكان ڕێگەپێدراو نییە.

پارێزگاری هەولێر هۆشداری بە هەر لایەن و كەسێك دەدات، کە بەبێ مۆڵەت و بە هەر شێوەیەك بەنزین بفرۆشێت، ڕێكاری یاسایی توندی لە بەرامبەردا دەگیرێتەبەر.

14 نیسان 2026 16:44
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026