جۆرجیا میلۆنی: ڕێککەوتنی سەربازییمان لەگەڵ ئیسرائیل هەڵپەسارد
لە دوای ئیسپانیا و فەڕەنسا، ئیتاڵیا لەسەر هێرشکردنەسەر هاووڵاتییانی سڤیل لە لوبنان، دژی ئیسرائیل هەڵوێستی نواند.
جەنگی ئێران و ئۆپەڕاسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە لوبنان، پەیوەندی وڵاتانی ئەوروپای لەگەڵ ئیسرائیل تێکداوە و ئیتاڵیاش هەڵوێستی خۆی نواند.
ئەمڕۆ سێشەممە، جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا ڕایگەیاند: "بەڕەچاوکردنی باروودۆخی ئێستا، حکومەت بڕیاری داوە نوێکردنەوەی ئۆتۆماتیکی ڕێککەوتنی سەربازی لەگەڵ ئیسرائیل هەڵبپەسێرێت." بەمەش چیتر بارزگانی و ئاڵوگۆڕی چەک و کەرەستەی سەربازی لە نێوان ئەم دوو وڵاتە ئەنجام نادرێت.
لەلایەکی دیکەوە، لەبارەی هۆکاری هەڵپەساردنی ڕێککەوتنە سەربازییەکە سەرچاوەیەکەی دیپلۆماسی بۆ ئاژانسی فرانس پرێسی پشتڕاستکردووەتەوە، کە:"لە ڕووی سیاسییەوە سەخت دەبوو بەردەوامییان بە ڕێککەوتنەکە دابا."
ڕێککەوتنە سەربازییەکەی ئیتاڵیا لە ساڵی 2006ـەوە لەلایەن ئیسرائیلەوە پەسەند کراوە و هەموو پێنج ساڵ جارێک پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت.
ئەم پێشهاتە لە کاتێكدایە، ماوەی هەفتەیەکە گرژی و ئاڵۆزی کەوتووەتەوە نێوان ئەم دوو وڵاتە، ئەمەش دوای ئەوەی حکومەتی ئیتاڵیا هێزەکانی ئیسرائیلی بە تەقەکردنی (هۆشداریی) لە نێردەی ئیتاڵی ئاشتی پارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان تۆمەتبار کرد. لە ڕووداوەکە کەس بریندار نەبوو.
دوای ڕووداوەکە، ئەنتۆنیۆ تاجانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا سەرکۆنەی هێرشەکەی ئیسرائیلی کرد و لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ئاماژەی بەوە دا، کە نێردەی ئیتاڵیا دوای هێرشە "قبووڵ نەکراوەکانی" ئیسرائیل بۆ سەر خەڵکی سڤیل لە لوبنان، بۆ گەیاندنی پەیامی یەکگرتوویی ئیتاڵیا سەردانی بەیروتی کردبوو.
هەینی ڕابردوو، بنیامین نەتەنیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل فەرمانی کرد بە دەرکردنی نوێنەرانی ئییسپانیا لە هەماهەنگی شاری کیریات گاتی وڵات، ئەمەش دوای ئەوەی ئیسپانیا چەندین جار لە دژی ئیسرائیل وەستایەوە و جەختی کردەوە، "ڕێگە بە هیچ وڵاتێک نادەن جەنگی سیاسی لە دژیان بەرپا بکات بەبێ ئەوەی دەستبەجێ باجەکەی بدەن."