پایتەخت

سەرۆک بارزانی: دەبێت لە عێراقدا ئەو دڵنیاییە هەبێت کە تاوانی ئەنفال هەرگیز دووبارە نابێتەوە

سەرۆک بارزانی: دەبێت لە عێراقدا ئەو دڵنیاییە هەبێت کە تاوانی ئەنفال هەرگیز دووبارە نابێتەوە
کورتە

ئەمڕۆ 38 ساڵ بەسەر کارەساتی ئەنفال تێدەپەرێت و سەرۆک بارزانی بۆ ئەم یادە پەیامی خۆی بڵاوکردەوە.

لە 38ـەمین ساڵیادی ئەنفالی گەرمیان، سەرۆ بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و جەختی کردەوە کە دەبێت حکومەتی عێراق قەرەبووی زیانلێکەوتووانی ئەنفال بکاتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند، ئەنفال برینێكی قووڵە لە دڵی هەموو خەڵكی كوردستان، یەکێکە لە گەورەترین تاوانەکان کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی پێشووی عێراقەوە بە شێوەیەکی سیستەماتیک و ئامانجدار لەدژی گەلی كوردستان پیادە كرا. لە ئەنجامی ئەو كردەوە نامرۆڤانەیەدا 182 هەزار هاووڵاتیی کورد بە بێ ئەوەی هیچ تاوانێكیان كردبێت و تەنیا لەبەر كوردبوونیانەوە بێسەروشوێن و شەهید كران.

سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە پێویستی ناساندنی ئەم تاوانە لەسەر ئاستی جیهان کردەوە و جەختی کردەوە، ئەنفال زوڵمێكی زۆر گەورە بوو لە هەمانكاتدا وانەیەكی گرنگە بۆ نەوەكانی ئێستا و داهاتوو كە نابێ لەژێر هیچ بارودۆخێكدا فەرامۆش بكرێت. پێویستە لە ئاستی نێودەوڵەتی ئەم تاوانە بە جینۆساید بناسرێت و لە ئاستی عێراقدا ئەو دڵنیاییە هەبێت کە ئەم تاوانانە لە بەرانبەر گەلی كوردستان هەرگیز دووبارە نابنەوە. هەروەها ئەركی سەرشانی دەوڵەتی عێراقە قەرەبووی ئەنفال و ئەو جینۆسایدە بكات كە لەدژی میللەتەكەمان ئەنجام دراوە.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆک بارزانی هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ئەنفال و هەموو شەهیدانی كوردستان دەنێرێت و هاوبەشی بۆ خەم و ئازاری خێزان و كەسوكاری سەربەرزی ئەنفال دەردەبڕێت.

14 نیسان 2026 10:12
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026