مەسرور بارزانی: پێویستە نەوەکانمان بزانن دەستکەوتەکانی ئێستامان بە ئاسانی بەدەست نەهاتوون
ئەمڕۆ 38 ساڵ بەسەر کارەساتی ئەنفال تێدەپەرێت و سەرۆکوەزیرانی هەرێم بۆ ئەم یادە پەیامی خۆی بڵاوکردەوە.
لە 38ـەمین ساڵیادی ئەنفال، سەرۆکوەزیرانی هەرێم پەیامێکی بڵاوکردەوە و جەختی کردەوە کە دەبێت حکومەتی عێراق قەرەبووی زیانلێکەوتووانی ئەنفال بکاتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە پلاتفۆرمی ئێکس ڕایگەیاند، شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفال، یەکێک لە دڕندانەترین شاڵاوەکانی پاکتاوی نەژادی و جێنۆساید بوون کە لەلایەن رژێمی پێشووی عێراق لە دژی گەلی کوردستان ئەنجام درا و بووە هۆی بێسەروشوێن بوون، شەهیدکردنی هەزاران خەڵکی بێتاوانی کوردستان و خاپوورکردنی هەزاران گوند و دێهاتی کوردستان.
سەرۆکوەزیرانی هەرێم جەخت دەکاتەوە، ئەم جێنۆساید و کۆمەڵکوژیيانەی بەرامبەر خەڵکی کوردستان کران، "پێویستە هەمیشە لە یادماندا بمێنن و نەوەکانمان بزانن کە دەستکەوتەکانی ئێستامان بە ئاسانی بەدەست نەهاتوون و کەسیش خێری پێ نەکردووین،" بەڵکو بەرهەمی خەبات و خوێنی هەزاران شەهیدی سەربەرزی کوردستانە.
مەسرور بارزانی لە درێژەی پەیامەکەیدا ڕووی لە حکومەتی عێراق کرد و داوای کرد کە دەبێت حکومەتی عێراق بەرپرسیارێتییە دەستووری و ئەخلاقییەکانی خۆی بۆ قەرەبووکردنەوەی شایستەی بنەماڵەی قوربانییان جێبەجێ بکات.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، مەسرور بارزانی سڵاو بۆ گیانی پاکی ئەنفالکراوان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دەنێرێت.