د. سەفین یاسین: بڕیار خەرجکردنی مووچە درا و هەفتەی داهاتوو پارەکە دەگات
د. سەفین یاسین، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق زانیاری نەبیستراو لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی 3 ئاشكرا دەکات.
کەمێک پێش ئێستا وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بڕیاری خەجکردنی مووچەی مانگی ئاداری مووچەخۆرانی هەرێمی دا و ئەندامێکی پەرلەمانی عیراق زانیاری لەسەر کاتی گەیشتنی پارەکە بۆ پایتەخت ئاشکرا دەکات.
د. سەفین یاسین، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی ئادار لە لایەن وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ دەرچوو و هیچ لەمپەرێک لە بەردەم ناردنی نەماوە.
ئەم ئەندامەی پەرلەمانی عێراق، لەسەر کاتی گەیشتنی پارەی مووچەکە بە پایتەخت میدیای گوت: “بڕیاری خەجکردنی پارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج دراوە و ئەگەر ئەمڕۆ پارەکە نەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم، سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەکرێت.”
پایتەخت میدیا زانیویەتی، وەزارەتی دارایی هەرێم تەواوی رێکار و ئامادەکارییەکانی کردووە و لەگەڵ گەیشتنی پارەی مووچە، ڕاستەوخۆ دابەشکردنی مووچە دەستپێدەکات و پێشبینی دەکرێت، لیستی مووچە بە هەمان شێوەی مانگەکانی ڕابردوو بێت.
دوێنی وەزارەتی دارایی هەرێم، بڕی 43 ملیار دیناری وەکو داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانی خستەسەر هەژماری دارایی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، ئەمەش وەکو یەکێک لە رێکارەکانی ناردنی مووچە، لە کاتێکدا مانگەکانی ڕابردوو زیاتر لە 120 ملیار دینار دەنێردرا، بەڵام ئەم مانگە بەهۆی کەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆی بەهۆی جەنگی ئێرانەوە، حکومەتی فیدڕاڵ چاوپۆشی لەم خوڵە کرد و بەم بڕە ڕازی بوو.