پایتەخت

بافڵ تاڵەبانی بۆ جاری دووەم کەرکووکی فرۆشت

بافڵ تاڵەبانی بۆ جاری دووەم کەرکووکی فرۆشت
کورتە

لە بەرامبەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، یەکێتی پۆستی پارێزگاری کەرکووک ڕادەستی تورکمان دەکات.

فرۆشتنی کەرکووک لە بەرامبەر پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، نوێترین رێککەوتنی ژێر بە ژێری یەکێتی و کوڕانی تاڵەبابییە لەگەڵ محەممەد حەلبووسی و باڵیۆزی تورکیا لە عێراق.

بەپێی زانیارییەکان، بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی، رێککەوتنێکی نهێنی لەگەڵ محەممەد حەلبووسی و باڵیۆزی تورکیا لە عێراق کردووە و لە بەرامبەر ئەو پۆستەدا، یەکێتی پۆستی پارێزگاری کەرکووک ڕادەستی تورکمان دەکات و حەلبووسی، دەکرێتە جێگری سەرۆککۆمار و نیوەی دەسەڵاتەکانی سەرۆککۆماری پێدەدرێت.

بەپێی زانیارییەکان، هەر ئەمڕۆ ئەم سێ لایەنە بە نهێنی کۆ دەبنەوە و رێکار و چۆنیەتی پێدانی پۆستی پارێزگاری کەرکووک بە تورکمان دیاری دەکرێت.

فرۆشتنی کەرکووک لە بەرامبەر پۆستی سەرۆککۆماری عێراق لە کاتێکدایە، کە پۆستی سەرۆککۆمار بەپێی رێککەوتنی کورد و شیعە و سوونە، مافی کوردە و بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، کورد پێویست ناکات هیچ باجێک بدات، کەچی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی، لە بەرامبەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆمار بۆ یەکێتی، ئامادە بووە پۆستی پارێزگاری کەرکووک ڕادەسیی تورکمان بکات و نیوەی دەسەڵاتی سەرۆککۆمار بە حەلبووسی بدات.

ئەم رێککەوتنە نوێیەی بافڵ تاڵەبانی، لە دوێنێوە ئاشکرا بووە و ناڕەزاییەتییکی گەورەی لە تەواوی کوردستان دروست کردووە.

ئەمە جاری دووەمە لە دوای 16 ئۆکتۆبەر کە بافڵ تاڵەبانی و یەکێتی کەرکووک دەفرۆشن و دەیکەنە قوربانی دەستکەوتی دیکەی تایبەت.

لەسەر ئەم بابەتە، بافڵ تاڵەبانی و مەکتەبیی سیاسیی یەکێتی و هیچ ئەندامێکی سەرکردایەتی ئەو حزبە، ئامادەنین قسە بۆ میدیاکان بکەن و نایانەوێت هیچ ڕوونکردنەوەیەک بدەن.

بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە، دوێنی لە بەغدا بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی پێشوازی لە محەممەد سەمعان ئاغا، سەرۆکی بەرەی  تورکمانی عێراقی کرد و بەپێی زانیارییە نهێنییەکان، لەسەر بابەتی وەرگرتنی پۆستی پرێزگاری کەرکووک لە لایەن تورکمانەوە قسەکراوە، چونکە سەرۆکی بەرەی تورکمان دیارترین ناوە کە پۆستی پارێزگاری کەرکووک لە شوێنی رێبوار تەها وەرگرێت.

تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک ئامادە نەبووە هیچ قسەیەک بۆ میدیاکان بکات و هیچ ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو نەکردووەتەوە.

14 نیسان 2026 12:11
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026