پایتەخت

نەتەنیاهو: دەکرێت بەمزووانە ئاگربەست کۆتایی بێت

نەتەنیاهو: دەکرێت بەمزووانە ئاگربەست کۆتایی بێت
کورتە

ئەم ئێوارەیە ئەمریکا گەمارۆی گەرووی هورمز دەدات و بنیامین نەتەنیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پێشبینی دەکات هەر زوو ئاگربەست کۆتایی پێبێت.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەنگۆی دروست بوونی "گرژی" لە نێوان و خۆی و ترەمپ ڕەت دەکاتەوە و هۆکاری شکستهێنانی دانوستانەکانیش ئاشكرا دەکات.

ئەمڕۆ دووشەممە، بنیامین نەتەنیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەکۆبوونەوەی لەگەڵ کابینەی حکومەتەکەی ڕایگەیاند: "ئێمە پشتگیری لە بڕیارە قورسەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ گەمارۆدانی گەرووی هورمز دەکەین." جەختیشی کردەوە کە هەردوو وڵات لەم پڕۆسەیە لە هەماهەنگی بەردەوام دان و پێشبینی دەکات بەم نزیکانە ئاگربەست کۆتایی پێ بێت.

نەتەنیاهو ئەم دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە کە چەند ڕۆژێك لە مەوبەر کەناڵی سی ئێن ئێن بڵاویکردبوویەوە گوایە پەیوەندی لەگەڵ ترەمپ "گرژی" تێکەوتووە و جەختی کردەوە، ئەم دەنگۆیانە "هەڵەن، ڕێک پێچەوانەکەی ڕاستە، هیچ کاتێک هەماهەنگی لەم شێوەیە لە مێژووی ئیسرائیل و خەڵکی جوولەکە بوونی نەبووە."

لەبارەی دانوستانەکان، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی خۆی و جێگری ئەمریکا کرد و گووتی: "دوێنێ پەیوەندیم لەگەڵ جەی دی ڤانس کرد و ڕوونی کردەوە، کە کێشەی سەرەکی لە دانوستان نەهێشتنی یۆرانیۆمی پیتێندراوە لە ئێران و دڵنیابوونەوە لەوەی هیچ یۆرانیۆمێکی دیکە لە داهاتوودا ناپیتێندرێت. ئەمە سەرنجی ئەمریکایە، بێگوومان بۆ ئێمەش گرینگە."

وابڕیارە ئەمڕۆ کاتژمێر 5:00ـی ئێوارە بە کاتی هەولێر هێزە دەرییایەکانی ئەمریکا بە فەرمانی ترەمپ گەمارۆی گەرووی هورمز بدەن و پێشبینی دەکرێت شکاندنی ئاگربەستی لێ بکەوێتەوە.

دوێنێش ئایلا زەمیر، سوپاسالاری ئیسرائیل ڕایگەیاند، دەستبەجێ لەدوای شکستهێنانی دانوستانەکان لە پاکستان، ئاگاداری بەپەلەی سوپای ئیسرائیل بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ جەنگ کراوە و ئێستا سوپا هاوشێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی ڕابردووی سەر تاران، وەک ئۆپەراسیۆنی "بەئاگاهاتنی شێر و نەڕەی شێر"، چووەتە نێو دۆخی "ئامادەکاریی جەنگ."

13 نیسان 2026 16:03
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026