پایتەخت

سوپاسالاری ئیسرائیل بۆ سوپاکەی: خۆتان بۆ جەنگ ئامادە بکەن

سوپاسالاری ئیسرائیل بۆ سوپاکەی: خۆتان بۆ جەنگ ئامادە بکەن
کورتە

هەڵوێستی ئیسرائیل سوورە لەسەر لەناوبردنی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێران و پێشبینی دەکرێت لەم نزیکانە ئاگربەست بشکێندرێت.

ئیسرائیل کات بەفیڕۆ نادات؛ دەستبەجێ دوای شکستهێنانی دانوستانەکان، خۆی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران ئامادە دەکات.

ئەمڕۆ پێگەی وای نێت بڵاوکردەوە، دوای شکستهێنانی دانوستانەکانی نێوان شاندی ئێران و ئەمریکا لە پاکستان، ئایلا زەمیر، سوپاسالاری ئیسرائیل ئاگاداری بەپەلەی سوپاکەی کردووە تا بۆ ئەگەری چوونەوە نێو جەنگ لەگەڵ ئێران ئامادە بن. بەرپرسانی سوپای ئیسرایل لە نزیکەوە خەملاندن بۆ ئەگەری شكستهێنانی دانوستانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکەن؛ تا ئێستا هیچ بڕیارێكی فەرمی بۆ هێرشکردن دەرنەچووە، بەڵام خۆیان تەواو ئامادەکردووە لە نزیکترین کاتدا هێرش بکەن.

بەگوێرەی زانیارییە سەربازییەکان، سوپای ئیسرائیل سەرجەم پلان و پڕۆسە سەربازییەکانی خێراتر کردووە و هاوشێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی ڕابردووی سەر تاران، وەک ئۆپەراسیۆنی بەئاگاهاتنی شێر و نەڕەی شێر، چووەتە نێو دۆخی "ئامادەکاریی جەنگ."

لە هەمان کاتدا، بەمەبەستی بەئامانجگرتنیان، هەواڵگری ئیسرائیل هەوڵەکانی بۆ کۆکردنەوەی داتا و زانیاری لەسەر بنکە، وێستگە، ژێرخانی ئێران و سیستمەکانی هەڵدانی مووشەک چڕتر کردووەتەوە و توانای ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی خێراتر کردووە.

لەلای خۆیەوە، بنیامین نەتەنیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسترائیل ڕایگەیاندووە، تائێستاش ئۆرانیۆمی پیتێندراو لە ئێران بوونی هەیە. یان بە ڕێککەوتن یۆرانیۆمەکە لە ئێران دەردەهێندرێت، یان بە ڕێگەی دیکە.

ئامادەکارییە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ شاندی ئەمریکا "بەبێ ڕێککەون" لەگەڵ ئێران، پاکستانی جێهێشت و جەی دی ڤانس، جێگری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "ئێران بڕیاری دا مەرجەکانمان قبووڵ نەکات، ئێستا ئێمە بە پێشنیازێکی زۆر سادەوە ئێرە (پاکستان) جێدەهێڵین، کە بیردۆزێکە بۆ لێکتێگەیشتن و ئەمە کۆتا و باشترین پێشنیازی ئێمەیە. با بزانین ئایا ئێرانییەکان قبووڵی دەکەن یان نا."

 میدیاکانی ئێرانیش لە وەڵامدا، هۆکاری شکستهێنانی دانوستانیان بۆ ئەوە گەڕاندەوە، ئەمریکا داوای هەموو ئەم شتانەی کردووە، کە لە ڕێگەی جەنگەوە نەیتوانیوە بەدەستیان بهێنێت؛ ناکۆکی سەرەکی ئەمریکا و ئێران بۆ دانوستان لەسەر گەرووی هورمز و پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران بووە و بەهۆی "داواکارییە زێدەڕۆییەکانی" ئەمریکا، دانوستانەکان بەبێ ڕێککەوتن کۆتاییانهات.

12 نیسان 2026 16:06
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026