کێ هێرشی درۆنی کردە سەر سلێمانی؟
لەلایەن گروپێکی چەکدار بەرپرسیارەتی هێرشەکانی دوێنێی سەر گەڕەکێکی سلێمانی لە ئەستۆ گیرا؛ بزانە بیانوویان چییە
شەوی ڕابردوو هێرشی درۆنی کرایە سەر سلێمانی و زیانی زۆری ماددی بەر چەندین هاووڵاتی کەوتووە، پایتەخت میدیایش ناسنامەی هێرشکاران ئاشکرا دەکات.
دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو بە دوو درۆن هێرشکرایە سەر سلێمانی، گرووپی ئەسحابولکەهفی سەر بە حەشدی شەعبی هەر زوو ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و بەرپرسیاریەتی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت و ڕایگەیاند، “ئێمە هێرشمان کردە سەر سلێمانی؛ هێرش دەکەینە سەر تەواوی ئەو ناوچانەی ئەمریکییەکان لێی دادەنیشن، بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەکەین لەو ناوچانە دوور بکەونەوە.”
ئەوەی جێگەی سەرنجە، ئەو گەڕەکەی ئەم گرووپەی سەر بە حەشدی شەعبی هێرشی کردووەتە سەر، گەڕێکێکی تەواو ئاساییە و تەنها هاووڵاتییانی ئاسایی سلێمانی تێیدا دادەنیشن، واتا هیچ بارەگایەکی ئەمریکا لێ نییە، کەچی بەم بیانووە هێرشیان کراوەتە سەر.
لە ئەنجامی ئەم هێرشە درۆنییە، دەیان ماڵ و چەندین ئۆتۆمبێڵ زیانیان بەرکەوتووە و بەپێی زانیارییەکان، تەنها کەسێک بریندار بووە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی دوای هێرشی درۆنی یەکەم، خەڵکی ئەو گەڕەکە ناوچەکەیان جێهێشتووە و دوای نزیکەی 30 خولەک، هێرشی درۆنی دووەم ئەنجام دراوە، ئەگەرنا پێشبینی دەکرا زیانی گیانی زیاتری هەبێت.
یەک لەو شوێنانەی شەوی ڕابردوو بەهۆی ئەم هێرشە درۆنییە زیانی زۆر بەر بیانەکەی کەوتووە، پەیمانگەی نابینایانی سلێمانی بووە و خۆشبەختانە، لەو کاتەدا هیچ ئەندام و کەسێک تێدا نەبووە.
ئەم هێرشەی حەشدی شەعبی بۆ سەر سلێمانی لە کاتێدایە، پێشتر چەندین جار سەرکردە و بەرپرسانی ئەو گرووپانە لە سلێمانی پێشوازییان لێکراوە و ئێستا، بە بیانووی هەبوونی بارەگای ئەمریکا، هێرش دەکرێتە سەریان، لە کاتێدا هیچ بارەگایەکی ئەمریکا و وڵاتانی دیکە لەو شوێنەی هێرشی کراوەتە سەر نییە.