مەکتەبى سیاسیى پارتى دیموکراتى کوردستان: کاندیدێک نوێنەرایەتی زۆرینەی کوردستان نەکات هەڵسوکەوتی لەگەڵ ناکەین
پارتی پاشەکشەی لە پرۆسەی سیاسیی عێراق کرد
دوای ئەوەی فڕاکسیۆنی پارتی بایکۆتی هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆککۆماری کرد، مەکتەبى سیاسیى پارتى دیموکراتى کوردستان بڕیاریدا لە پەرلەمان و حکومەتی عێراق بکشێتەوە.
کەمێک لەمەوبەر مەکتەبى سیاسیى پارتى دیموکراتى کوردستان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بەشێوەیەک پڕۆسەى هەڵبژاردنى سەرۆک کۆمار بەڕێوەچوو کە لە دەرەوەى پەیڕەوى ناوخۆى پەسەنکراوى ئەنجوومەنەکە بوو، سەرۆکایەتى ئەنجوومەنى نوێنەران بێ گوێدانە پەیڕەوى ناوخۆى ئەنجوومەن بەرنامەى کۆبوونەوەى دیاریکرد بوو کە ئەمەش پێشێلکردنى یاسایە.
مەکتەبى سیاسیى پارتى دیموکراتى کوردستان دووپاتی کردەوە، ئەو کاندیدەى دیاریکرابوو لە دەرەوەى ئیرادەی کوردستانى بوو، ئەو پۆستە مافی گەلى کوردستانە نەک حزبێک، بەڵام ئەم کاندیدە بۆ ئەو پۆستە لەلایەن حزبێک دیاریکرابوو و چەند لایەنێکى پێکهاتەکانى دیکەى عێراق پەسەندیان کردووە.
لە درێژی ڕاگەیەندراوەکەی مەکتەبى سیاسیى پارتى دیموکراتى کوردستان هاتووە، ئەو شێوازە هەڵبژاردنە ڕەتدەکەنەوە و کەسێکیش کە بەو شێوازە دیاریبکرێت بە نوێنەرى زۆرینەى کوردستانى نازانن و هەڵسوکەوتى لەگەڵ ناکەن، هەر لەبەر ئەم هۆکارانەش فراکسیۆنى پارتی بایکۆتى بەشدارى کۆبوونەوەکەى کرد.
مەکتەبى سیاسیى پارتى دیموکراتى کوردستان ئاشکرای دەکات، لە ئێستادا بۆ هەڵسەنگاندنى بارودۆخەکە و ڕاوێژکردن، هەردوو فڕاکسۆنى پارتی لە ئەنجوومەنى نوێنەران و حکومەتى فیدراڵى عێراق دەگەڕێنەوە بۆ هەرێمى کوردستان.