پایتەخت

نیویۆرک تایمز: ئێران ڕەتیکردەوە دەستبەرداری یەکجاری یۆرانیۆم بێت

نیویۆرک تایمز: ئێران ڕەتیکردەوە دەستبەرداری یەکجاری یۆرانیۆم بێت
کورتە

شاندی ئەمریکا و ئێران لەسەر پرسی گەرووی هورمز و پرۆگرامی ئەتۆمی ناکۆکن؛ پاکستان داوا لە هەردوو وڵات دەکات پابەندبن بە ئاگربەست.

کۆبوونەوەی نێوان ئێران و ئەمریکا لەسەر دانوستان بەبێ ڕێککەوتن کۆتایی هات و هەردوو شاند پاکستانیان جێهێشت.

نیویۆرک تایمز بە پشتبەستن بە بەرپرسانی کۆشکی سپی ئاشكرای کردووە، تاران ڕەتیدەکاتەوە بەتەواوی دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم بێت و واشنتن ئەمە بە هەڕەشەیەکی بەردەوام بۆ پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی دەبینێت، ئەم پرسەش بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جێدەهێڵن تا هەنگاوی داهاتووی ئیدارەی ئەمریکا ڕابگەیەنێت.

بەگوێرەی میدیا ئێرانییەکان، ئەمریکا داوای هەموو ئەم شتانەی کردووە، کە لە ڕێگەی جەنگەوە نەیتوانیوە بەدەستیان بهێنێت؛ ناکۆکی سەرەکی ئەمریکا و ئێران بۆ دانوستان لەسەر گەرووی هورمز و پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران بووە و بەهۆی "داواکارییە زێدەڕۆییەکانی" ئەمریکا، دانوستانەکان بەبێ ڕێککەوتن کۆتاییانهات.

لەلایەک دیکەوە، جەی دی ڤانس، جێگری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "ئێران بڕیاری دا مەرجەکانمان قبووڵ نەکات، ئێستا ئێمە بە پێشنیازێکی زۆر سادەوە ئێرە (پاکستان) جێدەهێڵین، کە بیردۆزێکە بۆ لێکتێگەیشتن و ئەمە کۆتا و باشترین پێشنیازی ئێمەیە. با بزانین ئایا ئێرانییەکان قبووڵی دەکەن یان نا."

دوێنێ ترەمپ لەسەر ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران ڕایگەیاند: "ڕێککەوتن بکرێ یان نەکرێ جیاوازی نییە. ئێران لەڕووی سەربازییەوە تێکشکێندراوە و هەرچۆنێک بێت، ئێمە براوەین."

دوای شکستهێنانی دانوستانەکان، ئیسحاق محەممەد دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان داوایەکی بەپەلەی ئاراستەی ئێران و ئەمریکا کرد و جەختی کردەوە، کە دەبێت هەردوولا پابەند بن بە ئاگربەست بۆ ئەوەی ناوچەکە پەلکێشی نێو ململانێیەکی قووڵتر نەکرێت؛ وڵاتەکە بەردەوام دەبێت لە نێوەندگیری بۆ ڕێگری لە پەرەسەندنی گرژییەکان.

12 نیسان 2026 09:19
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026