سوپاسالاری ئیسرائیل: ئێمە لە ئاگربەستدا نین و ئامادەین هێرشبکەینەوە سەر ئێران
ئایلا زەمیر، سوپاسالاری ئیسرائیل ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ چوونەوە نێو جەنگ لەگەڵ ئێران نیشاندا و جەختی لە قووڵ کردنەوەی هێرشەکانیان بۆ سەر لووبنان کردەوە.
سوپاسالاری ئیسرائیل ڕەتی دەکاتەوە سوپاکەی لە لوبنان لە ئاگربەستدا بێت؛ ئامادەی وڵاتەکەی بۆ چوونەوە نێو جەنگ لەگەڵ ئێران ڕادەگەیەنێت.
ئەمڕۆ هەینی، ئایلا زەمیر، سوپاسالاری ئیسرائیل ڕایگەیاند، سوپای ئیسرائیل لە ئاگربەستدا نییە و لە ئێستادا لەگەڵ حزبوڵڵای لوبنان لەجەنگدایە و بەردەوام دەبن لە قووڵ کردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان لەو وڵاتە. هەوڵ دەدەن هەڕەشەکانی حزبوڵڵا لە باکووری لوبنان نەهێڵن.
ئایلا زەمیر ئاماژەی بە لاوازبوونی هێزی سەربازی ئێران کرد و گووتی: "ئەو ئێرانەی ئێستا تەواو جیاوازە لەگەڵ ئێرانی پێش جەنگ. ئەم گورزەی بە ئێران کەوت، حزبوڵڵا زۆر لاواز دەکات. ئێستا حزبوڵڵا لە لوبان گۆشەگیرکراوە و گەمارۆدراوە، چەک و پارەی پێناگات."
سوپاسالاری ئیسرائیل جەخت دەکاتەوە، ئەوان دەتوانن لە هەر ساتێکدا بێت بە هێزێکی سەرسەختەوە بگەڕێنەوە نێو جەنگ لەگەڵ ئێران.
ئەمە لە کاتێدایە، لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئێران و ئەمریکا لە 8-4-2026، بنیامین نەتەنیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، لوبنان بەشێک نییە لەم ئاگربەستە و بەردەوام دەبن لە هێرشکردنە سەر بنکە و پێگەکانی حزبوڵڵا لە وڵاتەکە.
بەگوێرەی ئاژانسی ئەسۆشیەتید پرێس، تەنیا لەم چەند ڕۆژەی ئاگربەست ئیسرائیل سەدان هێرشی کردووەتە سەر بنکەکانی حزبوڵڵا لە لوبنان و لەئەنجامدا زیاتر لە 182 هاووڵاتی سڤیل کوژراون و 890ـی دیکەش بریندار بوون.