ڕۆژنامەی گاردیان: ئیسرائیل بە ئەنقەست بنکە تەندروستییەکانی لوبنان دەکاتە ئامانج
سوپای ئیسرائیل بە بیانووی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن لەلایەن حزبوڵڵای لوبنانەوە، بنکە تەندروستییەکانی وڵاتەکە وێران دەکات.
تاکتیکێکی نوێی سوپای ئیسرائیل بۆ بەئامانجگرتنی کارمەندانی تەندروستی لوبنان ئاشكرا بوو.
ئەمڕۆ هەینی، ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی لە زاری بەرپرسانی تەندروستی لوبنان ڕایگەیاند، سوپای ئیسرائیل بە "ئەنقەست" کەسایەتی و بنکەکانی تەندروستی لە باکووری لوبنان دەکاتە ئامانج. ئەوان بەشێوەیەکی سیستەماتیکی هەوڵ دەدەن ناوچەکە لە ژیانکردن پەک بخەن.
ڕۆژنامەکە باسی تاکتیکێکی نوێی ئیسرائیلی کردووە و بە "دوو هێرشیی" ناوبردووە، کە تێیدا سوپای ئیسرائیل ناوچەیەک بۆردوومان دەکات و دەوەستێت تا کارمەندانی تەندروستی دەگەنە شوێنی ڕووداوەکە، دواتر دووبارە بۆردوومانی دەکاتەوە تا لەم ڕێگەیەوە کارمەندانی تەندروستی بکاتە ئامانج.
کارمەندانی تەندروستی و نەخۆشخانەکان لەلایەن یاسای نێودەوڵەتییەوە پارێزراون و بەئامانجگرتنیان بە تاوانی جەنگ هەژمار دەکرێت. دوێنێ پێنجشەممە 9-4-2026 ڕێکخراوی لێبوودەی نێودەوڵەتی (ئامنیستی) ڕایگەیاند، بێگوێدانە لایەنی سیاسی، کارمەندانی تەندروستی هاووڵاتییانی سڤیلن و بەئامانجگرتنیان نایاساییە.
هەفتەی ڕابردوو سوپای ئیسرائیل حزبوڵڵای لوبنانی بە بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن بۆ ئامانجی سەربازی تۆمەتبار کرد. لەبەرامبەردا وەزارەتی تەندروستی لوبنان سەرکۆنەی ئەم تۆمەتانەی کرد و بە هەوڵی "شەریعەت پێدان" بە تاوانی جەنگ وەسفی کرد.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستی لوبنان، لەسەرەاتی جەنگەوە تا ئێستا بەلایەنی کەم 128 بنکەی تەندروستی و ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن کراوەنەتە ئامانج، لە ئەنجامدا 40 کارمەندی تەندروستی کوژراون و 107ـی دیکە بریندار بوون.