ئەمیخای چیکلی: ئەم ئاگربەستە هەڵە بوو و دەبێت چۆک بە ئێراندا بنرێت
ئیسرائیل بە ئاگربەستی نێوان ئێران و ئەمریکا ڕازی نییە و هەموو مەبەستێکی لەناوبردنی ئێرانە.
وەزیرێکی ئیسرائیل جەخت لە لەناوبردنی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکاتەوە و بڕوای وایە تەنیا 50% ئەگەر هەیە ئاگربەست بەردەوام بێت.
ئەمیخای چیکلی، وەزیری کاروباری دیاسپۆرای ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕادیۆی ئێف ئێم 103 ڕایگەیاند: "پێموایە هەڵە بوو لەم کاتەدا ئاگربەست بکرێت. ئێران هاوشێوەی هەندێک ڕژێمی ڕابردوو، وەک ئیمراتۆرییەتی ژاپۆن یان نازییەکانی ئەڵمانیا، دەبێت چۆکی پێدابنرێت."
سەرەڕای ئەوەی ئەمیخای چیکلی تەنیا 50% چانسی بە ئاگربەستەکەداوە، بەڵام ستایشی دەستکەوتەکانی ئیسرائیلی لەم جەنگە کرد و گووتی: "تەنیا کەسانی چەپڕەوەکان لە ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ سوپای پاسداران دەڵێن ئیسرائیل دۆڕاوە. ئێران پێگەی وەک دەسەڵاتداری ناوچەکە لەدەستداوە."
لە 8-4-2026 ئێران و ئەمریکا ڕەزامەندییان لەسەر ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی نیشاندا، تا لەو ماوەیەدا لەرێگەی نێوەندگیری پاکستانەوە ڕێککەوتنێکی ئاشتیی درێژخایەن واژۆ بکەن. ئیسرائیلیش لەلایە خۆیەوە جەختی کردووەتەوە، کە ئەم ئاگربەستە لوبنان ناگرێتەوە و بەردەوام دەبن لە هێرشەکانیان بۆ سەر هێزە چەکدارەکانی حزبوڵڵا لە ناوچەکە.
دوێنێ شەویش ئاژانسی تەسنیم لە زاری بەرپرسانی ئێران ڕایگەیاند، ئیسرائیل لە هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان بەردەوام بێت، لە ئاگربەست دێنە دەرەوە. دواتر ئاژانسی مێهری ئێرانی ڕایگەیاند، ئیسرائیل هێرشەی کردە سەر دەورووبەری تاران و ئاگربەستی شکاند.