ڕۆژنامەی فاینانشاڵ تایمز: ئێران لە بەرامبەر تێپەڕبوونی هەر بەرمیلێک 1 دۆلار وەردەگرێت
ئێران هەڕەشەی بە ئامانجگرتنی هەر کەشتییەک دەکات، کە بە پێدانی پارە ڕازی نییە.
ئێران لە ڕێگەی دراوی ئەلیکترۆنییەوە داوای پارەی لەو کەشتییانە کردووە، کە دەیانەوێت بە گەرووی هورمزدا تێبپەڕن؛ ئەوەی ڕازی نەبێت بە ئامانج دەگیرێت.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی فاینانشاڵ تایمز، حەمید حوسەینی، گوتەبێژی یەکێتیی هەناردەکارانی نەوت و غازی ئێران ڕاگەیاندووە، ئێران لە دوو هەفتەی ئاگربەست، بۆ تێپەڕبوونی هەر بەرمیلێكی نەوت لە گەرووی هورمز، بڕی یەک دۆلار بە دراوی ئەلیکترۆنی وەک باج دەسەپێنێت.
بەمەبەستی دیارکردنی ئەو بەرهەمەی کە کەشتییەکان باری دەکەن، لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، دەسەڵاتدارانی ئێران داوایان لە کەشتییەکان کردووە ئیمەیڵێک بنێرن. دوای خەملاندن و پێداچوونەوە بە ئیمەیڵەکە، دەبێت یەک دۆلاری ئەمریکی بۆ هەر بەرمیلێک نەوت لە ڕێگەی دراوی ئەلیکترۆنی (بیتکۆین) بدرێت. ئەمەش بۆ دەربازبوونە لە سزاکانی ئەمریکا و سیستەمی چاودێریی دارایی نێودەوڵەتی.
ئێران سوورە لەسەر وەرگرتنی مۆڵەت و پشکنینی کەشتییەکان پێش تێپەڕبوونیان، ئەم ڕێکارانەش بۆ پشکنینی کەشتییەکانە تا بزانن چەکیان هەڵگرتووە یان نا. هاوکات هەر کەشتییەکیش بە پێدانی یەک دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک ڕازی نەبێت، لەلایەن سوپای پاسدارانەوە دەکرێتە ئامانج.
جێگەی ئاماژەپێدانە لە سەرەتای جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل/ئەمریکا، ئێران گەرووی هورمزی بە ڕووی کەشتییە بازرگانییەکانی جیهان داخست، کە 20%ـی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت، بەڵام دوای 40 ڕۆژ لە جەنگ، ڕۆژی 7-4-2026 ئێران و ئەمریکا ڕەزامەندییان لەسەر ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی نیشاندا، کردنەوەی گەرووی هورمزیش بەشێک بوو لەم ئاگربەستە کاتییە.
وابڕیارە ڕۆژی هەینی 10-8-2026 وڵاتی پاكستان نێوەندگیری دانوستانی نێوان ئێران و ئەمریکا بکات و تێیدا محەمەد باقر قالیباف، سەرۆكی پەرلەمانی ئێران سەرۆكی شاندی ئێران بکات.