16 چەکداری کەتائیبی حزبوڵڵا لەبەرامبەر ڕۆژنامەنووسە ئەمریکییەکە ئازادکراون
سەرچاوەیەکی هەواڵگری ئاسایشی عێراق زانیاری شۆکهێنەر لەسەر مەرجەکانی ئازادکردنی شێلی کیتلسن، ژنە ڕۆژنامەنووسی ئەمریکی ئاشكرا دەکەن.
چەند سەرچاوەیەک لە عێراق ئاشکرایان کردووە، کە ئەگەر فشاری حکومەت و زیندانیکراوانی کەتائیبی حزبوڵڵای عێراق نەبوایە، ژنە ڕۆژنامەنووسە ئەمریکییەکە "ئازاد نەدەکرا."
ئەمرۆ پێنجشەممە، ماڵپەڕی ئەل حوڕەی ئەمریکی لە زاری سەرچاوەیەکی هەواڵگری ئاسایشی عێراق ڕایگەیاند، دوای ڕێککەوتنێک لە نێوان حکومەتی عێراق و کەتائیبی حزبوڵڵای عێراق، شێلی کیتلسن، ژنە ڕۆژنامەنووسی ئەمریکی لەسەر چەند مەرجێکی قورس ئازادکراوە.
بەگوێرەی ئەم سەرچاوەیە، حکومەتی عێراق ڕازی بووە لەبەرامبەر ئازادکردنی شێلی کیتلسن، 16 چەکداری زیندانیکراوی کەتائیبی حزبوڵڵا ئازاد بکات، کە پێشووتر لەسەر هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە دەستگیرکرابوون.
بە گووتەی سیاسەتمەدارێکی عێراقی، کە ئاگاداری ڕێکەوتنەکەی نێوان حکومەتی عێراق و کەتائیبی حزبوڵڵا بۆ ئازادکردنی ڕۆژنامەنووسە ئەمریکییەکە بووە، ئەگەر بێت و فشاری حکومەت نەبوایە و ژمارەیەک چەکداری کەتائیبی حزبوڵڵا لە زیندان نەبوونایە، ئەوا شێلی کیتلسن "ئازاد نەدەکرا."
ئەمە لە کاتێکدایە، لە ڕێکەوتی 31-3-2026 شێلی کیتلسن، رۆژنامەنووسێکی بەنێوبانگی ئەمریکییە کە چەندین ساڵە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی لە عێراق و باشووری کوردستان، سووریا و رۆژئاوای کوردستان و ئەفغانستان کار دەکات، لە شەقامی سەعدوونی ناوەڕاستی بەغدا رفێندرا. وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەمبارەیەوە گووتی: "لە ئۆپەراسیۆنێکی راوەدووناندا یەکێک لە رفێنەرەکان دەستگیرکراوە و گەڕان بۆ دۆزینەوەی رۆژنامەڤانەکە بەردەوامە."
دواتر لە ڕۆژی سێشەممە 7-4-2026 ئەبو موجاهید عەساف، بەرپرسی ئەمنیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقی ئازادکردنی شێلی کیتلسنی ڕاگەیاند و گووتی: "مەرجێک بۆ ئازادکردنی ئەو ژنە ئەمریکییە دانراوە و ئەویش دەبێت دەستبەجێ خاکی عێراق جێبهێڵێت."