پایتەخت

سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل: نەتەنیاهو یەک ئامانجیشی لە جەنگی ئێران بەدەست نەهێنا

 سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل: نەتەنیاهو یەک ئامانجیشی لە جەنگی ئێران بەدەست نەهێنا
کورتە

سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل شکستی نەتەنیاهوی لە جەنگی ئێران ڕاگەیاند و بە کەسێکی "کەمتەرخەم" و "لووتبەرز"ـی ناوبرد.

دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئێران و ئەمریکا، سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل نەتەنیاهوی بە "گەورەترین کارەساتی سیاسییە لە مێژوودا" وەسف کرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە، یایر لاپید، سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس هێرشێکی تووندی کردەسەر بنیامین نەتەنیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و گووتی: "ئیسرائیل تەنانەت لە کاتی دەرکردنی ئەو بڕیارانەی کە پەیوەندییان بە جەوهەری ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەوە هەبووە، ئامادەیی نەبووە. تا ئێستا هیچ کارەساتێکی سیاسی وەک نەتەنیاهو لە مێژوودا بوونی نەبووە."

 یایر لاپید لەسەر ئەو ئامانجانەی کە نەتەنیاهو لە جەنگی ئێران بۆ بەدەستهێنانیان دانابوو، دەڵێت: "سەرەڕای ئەوەی سوپای ئیسرائیل سەرجەم ئەو فەرمانانەیان ئەنجامدا کە داوایان لێکرا بوو و خەڵکی ئیسرائیلیش لە کاتی جەنگ خۆڕاگرییەکی بێ وێنەیان نیشاندا، بەڵام نەتەنیاهو لە ڕووی سیاسیی و ستراتیژییەوە شکستی هێنا و نەیتوانی یەک ئامانجی لەو جەنگ بەدیبهێنێت. "

 سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل لە کۆتایی پەیامەکەیدا هۆشداری دا کە چەندین ساڵیان پێویستە تا زیانە سیاسیی و ستراتیژییەکانی وڵاتەکە بنیاتبنێنەوە، کە بەهۆی کەمتەرخەمی، لووتبەرزی و نەبوونی پلانی ستراتیژی نەتەنیاهو تووشیان بووە.

دوێنێ شەو، ئێران و ئەمریکا ڕەزامەندییان لەسەر ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی نیشاندا، تا لەو ماوەیەدا لەرێگەی نێوەندگیری پاکستانەوە رێککەوتنێکی ئاشتیی درێژخایەن واژۆ بکەن. ئیسرائیلیش لەلایە خۆیەوە جەختی کردووەتەوە، کە ئەم ئاگربەستە لوبنان ناگرێتەوە و بەردەوام دەبن لە هێرشەکانیان بۆ سەر هێزە چەکدارەکانی حزبوڵڵا لە ناوچەکە.

08 نیسان 2026 10:53
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026