ترەمپ بۆ ئێران: دەست بە بنیاتنانەوەی وڵاتەکەتان بکەن
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پەیامێکی ئەرێنی و ئاشتی لەسەر ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران و داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست بڵاوکردەوە.
دوای نیشاندانی ڕەزامەندی لەسەر ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی نێوان ئێران و ئەمریکا، سەرۆک ئەمریکا دەڵێت: "دەکرێت ئەمە ببێتە سەردەمی زێڕینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست."
ئەمڕۆ چوارشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکی لە پلاتفۆڕمی تروس سۆشیاڵ ئاماژەی بە ئاگربەستەکەیان لەگەڵ ئێران کرد و ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ ڕۆژێکی مەزنە بۆ ئاشتی جیهان! ئەمریکا یارمەتی بنیاتنانەوەی هاتووچۆی گەرووی هورمز دەدات. چەندین هەنگاوی ئەرێنی دەنرێن و پارەیەکی زۆر (لە بازاڕەکاندا) پەیدا دەکرێت."
لەسەر ئەو وێرانکاریانەی کە لە ئێران لە ماوەی جەنگەکە ڕوویانداوە، ترەمپ جەختی کردووەتەوە، کە ئێران دەتوانێت دەست بە پڕۆسەی بنیاتنانەوەی وڵاتەکەیان بکەن، "ئێمە کەشتییەکانمان بە هەموو جۆرە پێداویستییەک بار دەکەین و تەنیا لەو دەوروبەرە (تەنگەی هورمز) دەمێنینەوە بۆ ئەوەی دڵنیا بین هەموو شتێک بە باشی بەڕێوەدەچێت."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکی ئەمریکا بە گەشبینییەوە لە داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڕوانێت و دەڵێت: ""متمانەم هەیە کە هەموو شتێک باش دەبێت. رێک وەک ئەوەی لە ئەمریکا ئەزموونی دەکەین، ئەمە دەکرێت ببێتە سەردەمی زێڕینی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست."
ئەم پەیامەی ترەمپ لە کاتێکدایە، دوێنێ شەو، ئێران و ئەمریکا ڕەزامەندییان لەسەر ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی نیشاندا، تا لەو ماوەیەدا لەرێگەی نێوەندگیری پاکستانەوە رێککەوتنێکی ئاشتیی درێژخایەن واژۆ بکەن. عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش لەسەر ئاسایی بوونەوەی هاتووچۆی بازرگانی لە گەرووی هورمز گووتی: "دوای ئاگربەستەکە، بۆ ماوەی دوو هەفتە کەشتییەکان دەتوانن بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی ئێران بە سەلامەتی لە گەرووی هورمز تێپەڕبن."
وابڕیاریشە دانوستاندنی ئەمریکا و ئێران، ڕۆژی 10ـی نیسان، واتا ئەم هەینییە لە ئیسلامئاباد لە پاکستان دەستپێدەکەن.