ئیرادەی گەلی کوردستان بۆ ژیان و مانەوە بە هیچ پەلامارێکی تیرۆریستی نانەوێت
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بە توندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو هێرشە تیرۆریستییە ناڕەوا و ترسنۆکانەیە دەکات
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر شەهیدبوونی دوو هاوسەرەکەی زەرگەزەویی داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات چیتر لە ئاست ئەم دەستدرێژییە بەردەوامانە بێدەنگ نەبن.
کەمێک لەمەوبەر فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بە توندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو هێرشە تیرۆریستییە ناڕەوا و ترسنۆکانەیە دەکات، کە بووە هۆی شەهیدبوونی ژن و مێردێکی سڤیل لەناو ماڵ و حاڵی خۆیاندا و بێبەشکردنی دوو منداڵی بێتاوان لە ئامێزی گەرمی دایک و باوکیان.
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان دووپاتی کردەوە، ئەم تاوانە قێزەونە هیچ پاساوێکی ئەخلاقی و مرۆیی هەڵناگرێت، پێشێلکردنێکی ڕاشکاوی هەموو بەها مرۆییەکان و بنەما نێودەوڵەتییەکانە و گوزارشت لەو دەستانە دەکات کە مەبەستیانە ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان تێکبدەن.
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، نەبوونی ڕێکاری کردەیی حکومەتی فیدراڵ، نەک هەر نیشانەی بێدەسەڵاتییە، بەڵکو بووەتە ژینگەیەکی لەبار و هاندانێکی ناڕاستەوخۆ بۆ ئەوانەی لە پشت ئەم کردەوە تیرۆریستییانەن.
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات، هەنگاوی کردەیی و پێویست بگرێتە بەر بۆ کۆتاییهێنان بەم دەستدرێژییانە، چونکە چیتر ڕەوا نییە خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان ببێتە گۆڕەپانی کراوەی ململانێیەکان.
لە ئەنجامی هێرشەکانی ئێران و گروپەکانیان بۆ سەر هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا 17 کەس شەهید بوون، لەوانەش شەوی ڕابردوو دوو هاوسەر لە گوندی زەرگەزەویی سەربە پارێزگای هەولێر بوونە قوربانی.