دوو هاووڵاتی بەهۆی هێرشێکی درۆنی شەهید بوون
ناسنامەی هەردوو شەهیدەکە ئاشکرا بوون؛ منداڵەکانیان سەلامەتن
کەمێک پێش ئێستا هێرشێکی درۆنی کرایە سەر گوندی زەرگەزەوی لە ناحیەی دارەشەکران و لە ئەنجامدا، دوو هاووڵاتی شەهید بوون.
ئەمشەو دووبارە هێرشی درۆنی کرایە سەر هەرێمی کوردستان و بەپێی ڕاگەیاندراوی دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان، لە ئەنجامی درۆنەکی بۆمبڕێژکراودا کە لە ئێرانەوە ئاڕاستە کراوە، دوو هاووڵاتی بە ناوی (موسا ئەنوەر و مژدە ئەسعەد) شەهید بوون.
دژەتیرۆری هەرەمی کوردستان شوێنی تەقینەوەی درۆنەکەی ئاشکرا کردووە و ئاماژەی بەوەکردووە، درۆنەکە بەر ناخانووی هاووڵاتییەک لە گوندی زەرگەزەوی لە ناحیەی دارەشەکران و دەڤەری زرارەتی کەوتووە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندراوەکەی دژەتیرۆری هەرێمدا هاتووە: "ئەم هێرشانە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و تاوانی جەنگییە و بە توندترین شێوە سەرکۆنەی دەکەی."
دەقی ڕاگەیاندراوەکەی دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان:
لە هێرشە درۆنییەکانی ئەمشەوی سەر هەولێر دوو هاونیشتمانی شەهید بوون
بە گوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، شەوی سێشەممە 7ی نیسانی 2026، کاتژمێر 00:15، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو کە لە ئێرانەوە ئاراستە کرابوو، بەر خانووی هاونیشتمانییەک لە گوندی زەرگەزەویی سەر بە ناحیەی دارەشەکران لە سنووری پارێزگای هەولێر کەوت، بەداخەوە لە ئەنجامدا دوو هاوسەر بە ناوەکانی (مووسا ئەنوەر ڕەسووڵ و مژدە ئەسعەد حەسەن) شەهید بوون.
ئەم هێرشانە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و تاوانی جەنگییە و بە توندترین شێوە سەرکۆنەی دەکەین.