ئەکسیۆس: ئێران و ئەمریکا بۆ ئاگربەستێکی 45 ڕۆژە لە گفتوگۆ دان
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئەکسیۆس، ترەمپ دواین دەرفەتی بۆ دانوستان بە ئێران داوە و پلانی هێرشکردنە سەر وێستگەکانی کارەبا و وزە ئامادەیە.
لەگەڵ نزیکبوونەوی کۆتایی هاتنی ئەو وادەیەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئێرانی دانابوو، گفتوگۆی دانوستان لە نێوان ئێران و ئەمریکا دەستیپێکردووە.
ئەمڕۆ دووشەممە، ماڵپەڕی ئەکسیۆس لە زاری چوار سەرچاوی ئیسرائیل، ئەمریکا و ناوچەکە کە ئاگاداری هەوڵەکانی دانوستانن، بڵاویکردەوە، ئێران و ئەمریکا و وڵاتانی نێوەندگیر سەرقاڵی گفتوگۆی دیپلۆماسین بەمەبەستی ئاگربەستێکی 45 ڕۆژە.
بەگوێرەی ئەم سەرچاوانە، گفتوگۆکان لە چوارچێوەی دوو قۆناغ دان، ئەوانیش ئاگربەستێکی کاتییە (45 ڕۆژەکە) کە لەو ماوەیە بۆ قۆناغی دووەم گفتوگۆی فراوانتر بۆ کۆتایی هێنانی یەکجاری جەنگەکە دەکەن.
لە کاتێکدا دیپلۆماتکاران ئەم هەوڵانە بە گرینگ دەبینین، بەڵام ئەم سەرچاوانەی بۆ ئەکسیۆس قسەیان کردووە، ئەگەری ڕێککەوتنێکی کاتی لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوو بە کەم دەبیننن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی دانوستان قسەی بۆ ئەکسیۆس کردووە و گوتوویەتی: " چانسێکی باش بۆ ڕێککەوتن هەیە." بەڵام دووبارە ئاماژەی بە هەڕەشەکانی دوێنێ کردبوویەوە، کە ئەگەر ڕێککەوتن شکست بهێنێت، ڕۆژی سێشەممە کاتژمێر 8:00 ئێوارە بە کاتی ئەمریکا هێرش دەکەنە سەر پرد و وێستگەکانی کارەبای ئێران.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی ئەکسیۆس، پلانی هێرشێکی فراوان بۆ سەر وێستەگەکانی وزە و کارەبای ئێران ئامادەیە و درێژکردنەوەی ماوەی ڕێککەوتن لەلایەن ترەمپەوە بەمەبەستی پێدانی دواین دەرفەت بووە بە ئێران، لە وەڵامدا ئێران هۆشداری هێرشەکردنە سەر وێستگە گرینگەکانی وزەی نێو ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداوی داوە.
لە ئێستادا وڵاتانی نێوەندگیر وەک پاکستان، تورکیا و میسڕ، هەوڵ دەدەن ئێران لە سەر بابەتی یۆرانیۆمی پیتێندراو و گەرووی هورمز بهێننەوە پێشەوە و بیانکەنە تەوەرەی گفتوگۆی دانوستان، بەڵام بەگوێرەی لێدوانی سوپای پاسداران، ئێران سوورە لەسەر ئەوەی جارێکی دیکە گەرووی هورمز ناگەڕێننەوە دۆخی بەر لە دەستپێکی جەنگ.