ڕوانگەی عێراقی سەوز: ئاوی خواردنەوەی دانیشتووانی بەسرە هێندە پیسە بۆ ئاژەڵ و ڕووەکیش شیاو نییە

بەهۆی ژەهراویبوونی خەڵک هۆشداری لە ئاوی خواردنەوەی پارێزگای بەسڕە دەدرێت
ڕوانگەی عێراقی سەوز: ئاوی خواردنەوەی دانیشتووانی بەسرە هێندە پیسە بۆ ئاژەڵ و ڕووەکیش شیاو نییە
بەهۆی پیسبوونی ئاوی خواردنەوەی پارێزگای بەسڕە، ڕۆژانە خەڵک تووشی ژەهراویبوون دەبنەوە.
ڕوانگەی عێراقی سەوز لە زاری مەهدی تەمیمی، بەڕێوەبەری نووسینگەی دەستەی مافی مرۆڤی بەسرە بڵاوی کردووەتەوە و دەڵێت، کەموکوڕییەکی ڕوون لە ڕۆیشتنی ئاوی خاوێن بۆ ماڵەکان بەبێ پاڵاوتن و پاککردنەوە هەیە، کە لە ئەنجامدا تێکەڵ بە پیسی و کرم و ماددە زیان بەخشەکان دەبێت.
ناوبراو باسی لەوەش کردووە، ڕێژەی ژەهراویی بوون لە ئاوەکە بەرزە، بەجۆرێک کە بۆ ڕووەک و ئاژەڵیش شیاوی بەکارهێنان نییە، دەرکەوتنی خوێ بە شێوەیەکی ئاسایی لە مانگەکانی ئایار یان حوزەیرانی هەموو ساڵێکدا دەردەکەوێت، بەڵام ئەمساڵ لە مانگی یەکەوە ئەو دیاردەیە دەرکەوتووە.
ناوبراو جەختیشی کردەوە، ئەوەی لە پارێزگاکە ڕوودەدات وێنەی دووبارەبووەوەی کارەساتێکە، کە لە ساڵی 2010ـەوە دەستی پێ کردووە و بەردەوامیشە لە هەڵکشان، هەروەها ساڵی 2018 خراپترین ساڵ بووە لە ڕووی کەم ئاویی و وشکەساڵی لە پارێزگای بەسرە، کە تێیدا 150 هەزار حاڵەتی ژەهراویبوون بە هۆی خراپی کوالێتی ئاو لە پارێزگای بەسرە هەبووە، پێشبینیش دەکرێت، ئەم ساڵژەهراویبوونەکە زیاتر بێت، ئەمەش بە بەهۆی کەم ئاوی وڵات و کە ئەو ناوچەیەی زۆرترین کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە.