پایتەخت

د.فازڵ نەبی: هەفتەی داهاتوو مووچە دێت

د.فازڵ نەبی: هەفتەی داهاتوو مووچە دێت
کورتە

بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق زانیاری لەسەر گەیشتنی مووچەی مانگی سێ ئاشکرا کرد.

هەموو چاوەکان لەسەر ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە، بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق دڵنیایی لە هاتنی مووچە دەدات.

کەمێک لەمەوبەر د.فازڵ نەبی، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزی ناوچەکە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان کەم بووەتەوە، بەپێی زانیارییەکان هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی مانگی سێ ناتوانێت 120 ملیار دینارەکە بۆ بەغدا ڕەوانە بکات.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پایتەخت میدیا، هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی مانگی سێ لە توانای دایە تەنیا 60 ملیار دینار وەکو داهاتی نانەوتی ڕەوانەی بەغدا بکات.

د.فازڵ نەبی دووپاتی کردەوە، ڕێککەوتنی بەغدا و هەرێم بۆ ناردنی مووچە 120 ملیار دینارە بەڵام لە ئێستادا بەهۆی ئاڵۆزی ناوچەکە بەغدا لەم بابەتە نەرمی دەنوێنێت و لەگەڵیدا هەرێمی کوردستانیش ڕێگەی داوە نەوتی کەرکووک بە بۆڕی کوردستان بڕوات کاریگەری ئەرێنی دەبێت.

بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، هەفتەی داهاتوو هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق کار لەسەر ناردنی مووچە دەکەن و بەپێی زانیارییەکان هەفتەی داهاتوو، کێشەکە چارەسەر دەکرێت و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەگات.

ڕۆژی دووشەممە 30ـی 3ـی 2026، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی ئازار و ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی شوبات لەلایەن تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانەوە ڕەوانەی بەغدا کران.

پێشووتر شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاندبوو، وەزارەتی دارایی عێراق کێشەی سیولەی نییە و دەتوانێت مووچە دابەش بکات.

 لە دەستپێکی شەڕی ئەمریکا و ئیسڕائیل لەگەڵ ئێراندا گرفت بۆ هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دروست بوو، لەگەڵیدا داهاتی نانەوتی کەم بووەتەوە.

31 ئازار 2026 16:27
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026