پایتەخت

ڕۆژنامەی کیێڤ ئیندپێندت: 27,000 سەربازی بیانی لە ڕووسیا دژی ئۆکراینا دەجەنگن

ڕۆژنامەی کیێڤ ئیندپێندت: 27,000 سەربازی بیانی لە ڕووسیا دژی ئۆکراینا دەجەنگن
کورتە

بەگوێرەی ڕۆژنامەی کیێڤ ئیندپێندت، ڕووسیا بۆ پڕکردنەوە لەدەستدانی ئەو ژمارە زۆرەی سەرباز، پشت بە سەربازی بیانی دەبەستێت.

ژمارەی ئەو سەربازیە بیانییانەی لە ڕووسیا دژی ئۆکراینا دەجەنگن، بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و هەموو ڕۆژێک یەک بۆ سێ سەربازی لەلایەن ئۆکراینا دەستگیر دەکرێن.

ڕۆژنامەی کیێڤ ئیندپێندت لە ڕاپۆرتێکدا ئاشكرای کرد، تەنیا لە مانگی 11ـی ساڵی ڕابردوو، 18,000 سەربازی بیانی لە ڕیزی سوپای ڕووسیا ئاشكرا کراون و ئێستا ئەم ژمارەیە گەیشتووەتە 27,000 سەرباز.

بەگوێرەی ڕێکخراوی بارەگای چارەسەرکردنی زیندانیانی جەنگ، ڕووسیا سەربازی بەلایەنی کەم لە 135 وڵاتی دیکە بە کرێ دەگرێت. ئەم سەربازانە وڵاتانی عەرەبیش دەگرنەوە، لەوانەش وەک: میسر، یەمەن، سۆماڵیا، عێراق، سووریا، ئەلجیریا، ئوردن و مەغریب.

بەگوێرەی ئەم ڕۆژنامەیە، زۆربەی ئەم زانیارییانە لەلایەن ئەو سەربازە بیانییانەوە وەرگیراون کە لە کاتی جەنگدا دەستگیرکراون و ئێستا لە زیندانن، ژمارەیان سەدان کەس دەبێت و لە کاتی جەنگدا، بە ناچاری ویستوویانە "لە ژیان بمێننە" بۆیە خۆیان ڕادەستی ئۆکراینا کردووە.

بارەگای چارەسەرکردنی زیندانیانی جەنگ دەڵێت: "هێزەکانی بەرگری ئۆکراینا هەموو هەفتەیەک یەک بۆ سێ سەربازی بیانی لە ڕیزی سوپای ڕووسیا دەستگیر دەکەن."

پێشووتر لە 26-2-2026،  سەعید جەیاشی، راوێژکاری ستراتیژی لە راوێژکاریی ئاسایشی نەتەوەیی و ئەندامی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ناونووسکردنی عێراقییەکان لە سوپای رووسیا، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندبوو،  17 کەسیان دەستگیرکردووە، کە هاووڵاتییانی عێراقییان بەناوی رەخساندنی هەلی کار بردووەتە رووسیا و لەوێ ناچاریانکردوون بچنە ریزەکانی سوپا و دواتر براونەتە بەرەی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا.

لەلایەکی دیکەوە بە گووتەی حوسێن عەلاوی، ڕاوێژکاری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بە بوونی نزیکەی 5000 هاووڵاتی عێراقی لە ڕیزەکانی ڕووسیا کردووە، کە لە دژی ئۆکراینا دەجەنگن.

لە سەرەتای ئەمساڵیش، دەنگۆی کوژرانی یەکەم هاووڵاتی کورد بەناوی ‘مەتین عەبدولوەهاب’ لە ڕووسیا بڵاوبوویەوە، بەڵام ڕۆژی دواتر باوکی ناوبراو بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، کوڕەکەی زیندووە و شەوی پێشووتر پەیوەندی پێوەکردووە.

31 ئازار 2026 10:41
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026