پایتەخت

ڕۆیتەرز: ئیتاڵیا بنکە سەربازییەکانی بەڕووی فرۆکەکانی ئەمریکا دا داخست

ڕۆیتەرز: ئیتاڵیا بنکە سەربازییەکانی بەڕووی فرۆکەکانی ئەمریکا دا داخست
کورتە

دوای ڕەخنە تووندەکانی ترەمپ لە وڵاتانی ناتۆ، ئیتاڵیا ڕێگەی نەدا فرۆکەکانی ئەمریکا لە بنکەیەکی سەربازی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بنیشنەوە.

ورد وردە وڵاتانی ئەوروپا پشت لە ئەمریکا دەکەن و لە جەنگی ئێران یارمەتی پێشکەش ناکەن.

ئەمڕۆ سێشەممە، ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری ڕۆژنامەی کۆرێری دێلا سێرای ئیتاڵی بڵاویکردەوە، وڵاتی ئیتاڵیا داواکاری ئەمریکای بۆ نیشتنەوەی فرۆکە جەنگییەکانیان لە بنکەی سەربازی سیسیلی، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕەت کردەوە.

ڕۆژنامە ئیتاڵییەکە هۆکاری ڕەتکردنەوەی داواکارییەی ئەمریکا لەلایەن ئیتاڵیاوە ئاشکرا کردووە و ئاماژەی بەوەداوە، کە ئەمریکا هەوڵی بەدەستهێنانی ڕەزامەندی فەرمی ئیتاڵیای نەداوە و ڕاوێژی بە سەرکردە سەربازییەکانی وڵاتەکە نەکردووە، کە بەگوێرەی ڕێککەوتنی دانانی هێزەکانی سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتەکە، ئەمریکا بەرپرسیارەتی "زۆرەملێی" لەمبارەیەوە لەسەرە.

ئەو سەرچاوەیەی بۆ ڕۆژنامە ئیتاڵییەکە قسەی کردووە، ڕەتی کردووەتەوە ناوی بهێندرێت و هیچ زانییارییەکی لەسەر کاتی نیشتنەوە و ژمارەی فرۆکەکان نەخستووەتەڕوو. وەزارەتی بەرگری ئیتاڵیاش تا ئێستا هیچ ڕوونکردنەوەیەکی نەداوە.

پێشووتر لە مەترسی تێوەگلان لە جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل/ئەمریکا، لایەنە چەپ و ناوەندەکانی ئیتاڵیا داوایان لە حکومەت کردبوو ڕێگری لە بەکارهێنانی بنکە سەربازییەکانیان لەلایەن ئەمریکاوە بکات. لەمبارەیەوە جۆرجیۆ میلۆنی، سەرۆکوەیرانی ئیتاڵیا دڵنیایی بە هاووڵاتییان دا، کە لە ڕێگەی ڕەزامەندی پەرلەمانەوە مامەڵە لەگەڵ داواکارییەکانی ئەمریکا دەکەن.

جگە لە ئیتاڵیا، دوێنێ دووشەممە 30-3-2026، ئیسپانیا بنکە سەربازییەکانی بەڕووی فرۆکە جەنگییەکانی ئەمریکادا داخست.

ئەم هەڵوێستەی ئیتاڵیا و ئیسپانیا لە کاتێکدایە، لە 26-3-2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پلاتفۆرمی تروس سۆشیال هێرشی کردە سەر هاوپەیمانەکانی و گوتی: "وڵاتانی ناتۆ بە ڕەهایی هیچ شتێکیان نەکردووە بۆ یارمەتیدان بەرامبەر جەنگی ئێران، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئێمە بەردەوام پارێزگارییان لێ دەکەین. وڵاتەکەمان بۆ جەنگی ئێران پێویستی بە هاوکاریی هاوپەیمانیی ناتۆ نییە."

31 ئازار 2026 14:50
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026