پایتەخت

وەزارەتی پەروەردە: هەموو هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوەیەکی نێو قوتابخانەکان ڕادەگیرێن

وەزارەتی پەروەردە: هەموو هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوەیەکی نێو قوتابخانەکان ڕادەگیرێن
کورتە

وەزارەتی پەروەردە لەپێناو سەلامەتی گیانی قوتابییان، بڕیاری راگرتنی سەرجەم تاقیکردنەوە و هەڵسەنگاندنەکانی لە نێو قوتابخانەکان دا.

دوای ڕاگەیاندنی پرۆسەی خوێندنی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین، وەزارەتی پەروەردە شێوازی هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوەکانی ئاشكرا کرد.

ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕێنمایی نوێی بۆ قوتابییان خستەڕوو و سەرجەم قوتابخانە حکومی و ناحکومییەکانی سیستەمی وەزارەتی پەروەردە و نێودەوڵەتییەکانیان لە دوو خاڵ ئاگادار کردەوە:

1 -  هەموو هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوەیەکی نێو قوتابخانەکان ڕادەگیرێت و بە هیچ شێوەیەک قوتابی/خوێندکار نایەتەوە نێو قوتابخانە، لەم قۆناغەدا تەنها پرۆسەی خوێندنی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین ئەنجام دەدرێت.

2 - هەر قوتابخانەیەک کە تاقیکردنەوەیەکی نێودەوڵەتی هەبێت و وابەستە بێت بە کات و ڕێککەوتی دەرەوەی وڵات و پاپەند بوونی لەسەر بێت، پێویستە پێشوەختە بە نووسراوی فەرمی وەزارەت ئاگادار بکاتەوە بۆ ئەوەی ئاسانکاری و ڕێگەپێدانی بۆ ئەنجام بدرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ یەکشەممە، فەرمانگەى میدیا و زانیاری بڵاویکردەوە، لەبەر ڕۆشنایی کۆبوونەوەی هاوبەشی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، حکومەتی هەرێم بڕیاری دا لەم قۆناغەدا، پرۆسەى خوێندن بەشێوازی ئامادەبوونی نێو پۆل ڕادەگیرێت لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی  پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان، بۆ هەموو قۆناغەکان،  خوێندن تەنیا بەشێوازی ئۆنلاین و دیجیتاڵیی بەردەوام دەبێت.

هەر ئەمڕۆش لە پێناو سەلامەتی گیانی قوتابییان، دەست بە داخستن و چۆڵکردنی بەشەناوخۆییەکان کرا.

30 ئازار 2026 12:41
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026