سبەی دابەشکردنی غاز بە کۆبۆن دەستپێدەکات
بەرپرسی پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر، دابەشکردنی غازی ماڵانی بە نرخی 8 هەزار و 500 دینار ڕاگەیاند.
دوای قەیرانی کەمبوونی غاز و بەرزبوونەوەی نرخەکەی، سبەی دابەشکردنی غاز بە سیستەمی کۆبۆن بەسەر هاووڵاتییانی شاری هەولێر دەستپێدەکات.
کەمێک لەمەوبەر سالار محەممەد، بەرپرسی پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، سبەی 30 هەزار بتڵی غاز بە سیستەمی کۆبۆن لە شاری هەولێر دابەش دەکرێت.
سالار محەممەد دووپاتی کردەوە، لەومەدوا دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە و هەر بوتڵێک غاز بە نرخی 8 هەزار و 500 دینار دەدرێتە هاووڵاتییان.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوو بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئێران، بەرهەمهێنانی غاز لە کۆرمۆر وەستا و قەیرانی کەمی غاز و بەرزبوونەوەی نرخەکەی سەری هەڵدا، بەجۆرێک بوتڵێک غاز بە 25 هەزار دەفرۆشرا.