پێویستە سبەی کاتژمێر 10ـی بەیانی بەشەناوخۆییەکان چۆڵبکرێت
سبەی بەشەناوخۆییەکان چۆڵ دەکرێت و کارەباکان دەکوژێندرێتەوە
لە پێناو سەلامەتی گیانی قوتابییان، بەڕێوەبەرایەتی بەشەناوخۆییەکانی زانکۆی سلێمانی بڕیاریدا، سبەی بەشەناوخۆییەکان چۆڵبکرێت و کارەباکان دەکوژێندرێتەوە.
کەمێک لەمەوبەر بەڕێوەبەرایەتی بەشەناوخۆییەکانی زانکۆی سلێمانی ئاگاداری قوتابییان دەکاتەوە، لەبەر مەترسی لەسەر زانکۆکان و سەلامەتی گیانی قوتابییان بریار درا سەرجەم بەشەناوخۆییەکان لە 10ـی بەیانی چۆڵبکرێت هیچ کەرەستەیەکی خوێندن و خواردنی ناو بەفرگرەکانتان جێنەهێلن چونکە کارەباکان دەکوژێتەوە.
ئەمشەو حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا، پشووی ناوەندەکانی خوێندن درێژ نەکاتەوە بەڵکو خوێندن بکرێتە شێوازی ئۆنڵاین.
ماوەی مانگێک بوو بەهۆی شەڕی ئەمریکا و ئیسڕائیل دژی ئێران لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن (قوتابخانە، زانکۆ و پەیمانگاکان) حکومی و ناحکومییەکان پشووی فەرمی بوو.
ئەم بڕیارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە، ڕۆژی هەینی لە کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و وەزارەتی پەروەردە بڕیاریان دابوو بە دەستپێکردنەوەی دەوامی سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لە ڕۆژی یەکشەممە ڕێککەوتی 29ـی 3ـی 2026.
لەلایەکی دیکەوە شەوی ڕابردوو، پارێزگای هەولێر، سلێمانی، دهۆک و قەزای کۆیە و چەمچەماڵ و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ڕاپەڕین و زاخۆ لە پێناو سەلامەتی گیانی قوتابییان بڕیاریاندا ئەمڕۆ بکەنە پشووی فەرمی.