ڕۆژنامەی گاردیان: لیندسی گراهام مەترسیدارترین پیاوی ئەمریکایە نەک ترەمپ
هۆشداری لە هەڵوێستەکانی لیندسی گراهام، سیناتۆری ئەمریکی لەسەر فراوانکردنی جەنگی ئێران دەدرێت.
لە چوارچێوەی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل/ئەمریکا، ڕەخنەگرانی کابینەی سەرۆکی ئەمریکا لیندسی گراهام بە کەسێکی مەترسیدارترین کەس لەم نێوەندە دەبینن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ڕۆژنامەی گاردیانی بەڕیتانی لە زاری چەند بەرپرسێکی دیموکراتەکان ئاشكرای کردووە، کاریگەری لیندسی گراهام، سیناتۆری ئەمریکی لەسەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەسەر "خواستە تێرنەبووەکەی بۆ جەنگ"، بە مەترسیدارترین پیاوی واشنتن دادەنرێت. جۆ واڵش، کۆنگرێسمانێکی پێشووی کۆمارییەکان (کە دواتر بووە بە دیموکرات) ڕایگەیاند: "لیندسی گراهام گەورەترین شەڕفرۆشی ئەمریکایە، ئێمە باسی کەسێک دەکەین، کە ئەگەر لێی بپرسی، سەربازانی ئەمریکا لە هەموو جیهان بڵاودەکاتەوە. ئەو وەک هەڵۆ وایە، ترەمیش گوێی بۆ دەگرێت."
سەرەڕای درێژبوونەوەی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل/ئەمریکا لەو وادەیەیی کە چاوەڕوان دەکرا، لیندسی گراهام هەوڵی فراوانکردنی جەنگەکە دەدات و هەفتەی ڕابردوو لە ڕێگەی کەناڵی فۆکس نیوزەوە، بانگەشەی داگیرکردنی دوورگەی خارگی ئێرانی لە ڕێگەی سەربازانی مارێنز کرد، کە بە گەورەترین ناوەندی هەناردەکردنی نەوتی ئێران دادەنرێت و نزیکەی لەسەدا 90ـی نەوتی ئەو وڵاتە لەم دوورگەیەوە رەوانەی بازاڕەکانی جیهان دەکرێت. گراهام ئاماژەی بە جەنگی جیهانی دووەم لە ساڵی 1945 کرد، کە چۆن سەربازانی مارێنزی ئەمریکا توانیان دوورگەی "ئایوە جیما"ـی ژاپۆن داگیر بکەن.
ئەم هەڵوێستانەی گراهام ڕاوبۆچوونی جیاوازی تەنانەت لە نێو کۆمارییەکانیش دروست کردووە، دوو ڕۆژ لەمەوبەر نانسی مەیس، کۆنگرێسی کۆمارییەکان ڕایگەیاند: "دەبێت هەر ئێستا گراهام لە (ژووری باروودۆخەکان) دەربهێندرێت. نامەوێت یەک وشەی دیکە لە پیاوێکی بێ کوڕ ببیستم، کە دەیەوێت کوڕ و کچەکانی وڵاتەکەمان بۆ جەنگ بنێرێتە نێو خاکی ئێران."
گراهام تەمەنی 70 ساڵە و لە پلەی عەقید لە هێزی ئاسمانی ئەمریکا خانەنشین بووە و دەیان ساڵ بەر لەوەی ترەمپ ببێتە سەرۆی ئەمریکا، وەک پەرلەمانتار لە ساڵانی 1990ـەوە دژی ئێران دەوەستایەوە و داوای دەکرد وڵاتەکە جیا بکرێتەوە و پرۆگرامە مووشەکی و ئەتۆمییەکانی کپ بکرێن.
لە دوژمنەوە بۆ هاوڕێ:
لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، گراهام ڕەخنەی تووندی لە هەڵوێستەکانی ترەمپ دەگرت، چونکە ( بانگەشەی دەکرد بە هیچ شێوەیەک جەنگ لەگەڵ وڵاتانی دیکە هەڵناگیرسێنێت)، بەڵام دوای هەڵبژاردنی ترەمپ وەک سەرۆکی ئەمریکا، لیندسی گراهام وردە وردە پەیوەندی لەگەڵ ترەمپ تووندتر بوو و تەنانەت لە 2018، وەکو یەکێک بەرگریکارە هەرە دیارەکانی ترەمپ دەبیندرا.