ڕۆیتەرز: ئەم جەنگە سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا یەکلا دەکاتەوە
شیکەرەوە و بەرپرسانی کۆمارییەکان، هەڵبژاردنی هەریەک لە جێگری سەرۆک و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ پۆستی سەرۆکایەتی وڵاتەکە، بە دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی جەنگی ئێران دەبەستنەوە.
لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بۆ ساڵی 2028، هەریەک لە جەی دی ڤانس و مارکۆ ڕوبیۆ بە کاندیدی سەرەکی هەڵبژاردنەکە دادەندرێن.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، جگە لەوەی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل/ئەمریکا (کە ئێستا لە هەفتەی پێنجەمییەتی)، کاریگەری نەرێنی لەسەر ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جێدەهێڵێت، لەهەمان کاتدا کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر پێگەی هەر یەک لە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی و ئەمریکا و مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2028 دەبێت.
جەی دی ڤانس بە وریایەوە لەم جەنگەدا مامەڵە دەکات، ڕەخنەی لە درێژبوونەوەی جەنگەکە گرتووە و داوای دانوستانی لەگەڵ ئێران کردووە بەبێ ئەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ترەمپ بپچڕێنێت، بەڵام ڕوبیۆ بەپێچەوانە هەر لە سەرەتای جەنگەکەوە تا ئێستا بە یەکێک لە بەرگریکارە هەرە سەرسەختەکانی بڕیارەکانی ترەمپ دادەندرێت.
ترەمپ لەلای خۆیەوە ئاماژەی بەوە داوە، کە هەردووکیان (ڤانس و ڕوبیۆ) دەستیان لە هەوڵەکانی ئەمریکا هەبووە بۆ فشارخستنە سەر ئێران تا پڕۆگرامە ئەتۆمیی و مووشەکییەکەی هەڵبووەشێنێتەوە و ڕێگە بە هاتووچۆی نەوت بە ئازادی لە گەرووی هوورمزیش بدات.
بە گووتەی شیکەرەوە و بەرپرسانی کۆمارییەکان، پێشبینی دەکرێت، یەکلاکردنەوەی جەنگەکە بەشێوەیەکی خێرا و لە بەرژەوەندی ئەمریکا، پێگەی ڕوبیۆ بۆ بوون بەسەرۆکی ئەمریکا بەهێز بکات، کە ئێستا وەک ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکە بۆ ترەمپ کار دەکات.
لەلایەکی دیکەوە، پێشبینی دەکرێت درێژبوونەوەی جەنگەکە لە بەرژەوەندی ڤانس بشکێتەوە، بەهۆی ڕەخنەکانی پێشووی لە بەڕێوەبردنی جەنگەکە و خواستەکانی بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران.
جێگەی ئاماژەپێدانە، ترەمپ بەهۆی جەنگەکەوە ڕەخنەی تووندی لەلایەن دیموکراتەکان، خەڵکی ئەمریکا بە گشتی و تەنانەت کۆمارییەکانیش لێ دەگیرێت. بەگوێرەی ڕاپرسییەکی هافتەی ڕابردوو ئاژانسی ڕۆیتەرز، ڕێژەی "پەسندکردنی" ترەمپ بۆ 36% دابەزیوە، ئەمەش نزمترین ئاستییەتی لەوەتەوەی هاتووەتەوە نێو کۆشکی سپی. تەنانەت دوێنێ یەکشەممە 29-3-2026 ملیۆنان خەڵک بە درووشی "نەخێر بۆ پاشا" ڕژانە سەر شەقامەکانی ئەمریکا و ناڕەزایی خۆیان دژی ترەمپ دەربڕی.