ڕۆیتەرز: پاکستان رێگری لە تیرۆرکردنی عەباس عێراقچی و محەممەد قالیباف کرد
بەهۆی کەمبوونەوەی ژمارەی بەرپرسە باڵاکانی ئێران، داوا لە ئیسرائیل دەکرێت هەندێک بەرپرس بۆ دانوستان تیرۆر نەکەن.
بەمەبەستی بەردەوامبوونی گفتوگۆکردن و دانوستان لەگەڵ ئەمریکا، ئیسرائیل عەباس عێراقچی و محەممەد باقر قالیبافی لە لیستی ئامانجەکانی هێنایە دەرەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی پاکستانەوە ڕایگەیاند، ئیسرائیل عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە و محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانی لە لیستی ئەو کەسانە دەرهێنا، کە ئامانجی کوشتنی هەبوو، ئەمەش دوای ئەوەی پاکستان داوای لە واشنتن کرد بە ئامانجیان نەگرێت.
ئەم بەرپرسە پاکستانییە، هۆکاری داواکارییەکەی لە ئەمریکا ڕوونکردووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، ئیسرائیل وردەكاری شوێنەكانی زانیوون و ویستوویەتی تیرۆریان بکات، بەڵام ئەگەر بێت و وەزیری دەرەوە و سەرۆکی پەرلەمانیش بکوژرێن، هیچ بەرپرسێک نامێنێت تا ئەمریکا گفتوگۆ و دانوستانیان لەگەڵ بکات.
ئەم هەوڵانەی پاکستان لە پاراستنی ئەم دوو بەرپرسە ئێرانییە لە کاتێکدایە، دوێنێ چوارشەممە 25-3-2026، ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە، هەر یەک لە وڵاتانی تورکیا، پاکستان و میسر هەوڵ دەدەن کۆبوونەوەیەک لەنێوان ئێران و ئەمریکا لە 48 کاتژمێری داهاتوو ڕێکبخەن.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی دیکەی ئەمڕۆی ئاژانسی ڕۆیتەرز، قەباس عێراقچی ڕایگەیاندووە، ئێران پێداچوونەوە بە پێشنیارێکی ڕێککەوتنی ئەمریکا دەکات، بەڵام لە ئێستادا هیچ نیازێکی گفتوگۆیان لەگەڵ وڵاتەکە نییە. ئەم قسانەش پێچەوانەی لێدوانەکانی دوێنێی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە، کە گووتی: "ئێران پەرۆشی ڕێککەوتنە، بەڵام ناوێرێت دان بەم ڕاستییەدا بنێت، چونکە لەلایەن خەڵکی خۆیان و ئێمەشەوە دەکوژرێن."