لەسەر بەئامانجگرتنی بارەگاکانی پێشمەرگە بانگهێشتی باڵیۆزی ئێران دەکرێت
عێراق لەسەر هێرشی ئێران بۆ سەر بارەگاکانی هێزی پێشمەرگە بڕیاریدا، باڵیۆزی ئێران بانگهێشت بکات
ئەمڕۆ سێشەممە بە سەرپەرشتی محەممەد شیاع سوودانی ئەنجومەنی وەزاری ئاسایشی نیشتمانیی عیراق كۆبوونەوەیەكی نائاسایی ئەنجامدا.
لەمبارەیەوە سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق ڕایگەیاند، رێكاری یاسایی لە دژی ئەو كەس و لایەنانەی بەشداریی لە هێرشكردنە سەر دامەزراوە ئەمنییەكان و بەرژەوەندییەكانی هاووڵاتییان و نێردە دیپلۆماسییەكان دەكەن دەگیرێتەبەر و فەرمانی دەستگیركردنیان كە لە دادگاوە دەرچووە.
سەباح نوعمان دووپاتی کردەوە، وەزارەتی دەرەوە رێكارەكانی تایبەت بە پێشكەشكردنی سكاڵا لە ئەنجوومەنی ئاسایش بگرێتەبەر بەرامبەر هەر هێرش دوژمنكارییەك و لێكەوتەكانی.
بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزاری ئاسایشی نیشتمانی عیراق، باڵیۆزی ئێران و باڵیۆزخانەی ئەمریكا بانگهێشت دەکرێن و بەفەرمی یاداشتی ناڕەزاییان پێشكەش بكرێت بەرامبەر ئەو هێرشانەی كە بارەگاكانی پێشمەرگە لە هەولێر و حەشدی شەعبی لە ئەنبار و ناوچەكانی دیكە بەئامانج گیراوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئێران بە شەش مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر بارەگایەکی هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری خەلیفان و لە ئەنجامدا شەش پێشمەرگە شەهید بوون و 30 پێشمەرگەی دیکە برینداربوون.