پایتەخت

کەشوهەوای رۆژانی جەژن چۆن دەبێت؟

کەشوهەوای رۆژانی جەژن چۆن دەبێت؟
کورتە

کەشناسی هەرێم کەشی پێشبینیکراوی ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، باران دەبارێت.

کەشناسی هەرێمی کوردستان لە ڕاپۆرتێک دا کەشوهەوای ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزان و نەورۆز ئاشکرا دەکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لەگەڵ هاتنی هەردوو جەژنی ڕەمەزان و نەورۆز شەپۆڵێکی کاریگەر لە هەردوو نزمە پەستانی دەریای سوور و دەریایی سپی ناوەڕاست ناوچەکە بەگشتی و هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.

کەشناسی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، ڕۆژی هەینی (جەژنی ڕەمەزان) نمە باران لە زۆربەی ناوچەکان دەبارێت، لە ناوچە سنووریەکانی باکوور و باکووری رۆژهەڵات (حاجی ئۆمەران و شاخەکانی دەورو بەری) کەمێک بەفر دەبارێت، هەروەها بۆ کاتەکانی نیوەرۆ و دوایی نیوەرۆ هەورە بروسکە لەگەڵ تاوە باران زۆربەی ناوچەکان دەگرێتەوە.

سەبارەت بە کەشوهەوای ڕۆژی شەممە (جەژنی نەورۆز) کەشناسی هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە، هەوری باراناوی بەردەوامی دەبێت بە درێژایی کاتەکان لەنێوان باران و تاوە باران لەگەڵ بروسکە، لە کاتەکانی دوایی نیوەرۆ ژمارەی هەورە بروسکە ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە بەجۆرێک لەناوچە دەشتاییەکان زیاتر دەبێت.

لە درێژەی ڕاپۆرتەکەی کەشناسی هەرێمی کوردستان هاتووە، ڕۆژی یەکشەممە ناجێگری کەش بەردەوامی دەبێت بەجۆرێک دابارین زیاتر بەشێوەی تاوە باران و بروسکە دەبێت و زۆربەی ناوچەکان دەگرێتەوە، هەروەها کاریگەری ئەم شەپۆلە بۆ رۆژی دووشەممە لاواز دەبێت.

کەشناسی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەدات، لەزۆربەی ناوچەکان بڕی دابارین لەنێوان 20 – 25 ملم دەبێت، تەنها لەسنووری ناوچە سنووریەکانی باکوور (شیروان مەزن و ناوچە شاخاوییەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران) لەنێوان (40 – 50 ملم) دەخەملێنرێت.

19 ئازار 2026 13:09
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026