وەزارەتی پێشمەرگە : بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی سەنگەر و بارەگاکان پێشمەرگە قەدەغەیە
وەزارەتی پێشمەرگە لە پێناو پاراستنی ئەمنیەتی هێزەکانی پێشمەرگە و بارەگا و سەنگەرەکان، چەند بڕیارێکی گرنگی دەرکرد
کەمێک لەمەوبەر وەزارەتی پێشمەرگە ئاگاداری ئەفسەر و پێشمەرگەکان دەکاتەوە، بە هیچ شێوەیەک رێگەپێدراو نیە راگەیاندنەکان بێنە ناو بارەگا و شوێنە سەربازییەكانتان، بۆ ئەم مەبەستە داوا لە كەناڵ و میدیاكان دەكەین خۆیان بە دوور بگرن لە گرتنی وێنەو ڤیدیۆی بارەگا سەربازییەكان.
وەزارەتی پێشمەرگە سەبارەت بە لێدوان و پێدانی زانیاری لەلایەن فەرماندە و ئەفسەران و پێشمەرگەوە دەڵێت: "بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە".
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی پێشمەرگە، بە هەموو شێوەیەک بڵاوکردنەوەی وێنە، ڤیدیۆ و زانیاری تایبەت بە سەنگەر و بارەگاکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پۆستکردنیان قەدەغەیە.
وەزارەتی پێشمەرگە سەبارەت بەو پەیج و ئەکاونتانەی بەناوی پێشمەرگەوە زانیاریی سەربازی بڵاو دەکەنەوە جەخت لەوە دەکاتەوە، لینکی پەیجەکەنییان بۆ بنێرن تاوەکو لە ڕێگەی لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە ڕێکاری یاساییان بەرامبەر بگیرێتە بەر.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە هاتووە، هەر ئەفسەر و پێشمەرگەیەک پێشێلی ڕێنماییەکان بکات، ڕووبەڕووی توندترین سزای سەربازی و کارگێڕی دەبێتەوە و لەمبارەیەوە چاودێری وردی سۆشیال میدیا دەکرێت.