وۆڵ ستریت جۆرناڵ: وڵاتانی کەنداو دەیانەوێت بێنە نێو جەنگەکە
پەیوەندی وڵاتانی کەنداو لەگەڵ ئێران تا دێت بەرەو خراپتر دەڕوات و هەر یەک لە سعودییە و ئیماڕات خۆیان ئامادەی جەنگ لە دژی ئێران دەکەن.
وردە وردە وڵاتانی کەنداو ئارامییان بەرامبەر بە هێرشەکانی ئێران نامێنێت و شازادەی جێنشینی سعودییە دەیەوێت تا زووە دەست بەهێرشکردنە سەر ئێران بکات.
ئەمڕۆ سێشەممە، ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، هاوپەیمانانی ئەمریکا لە کەنداو، بەنیازن بێنە نێو جەنگی نێوان ئێران و ئیسرایل/ئەمریکا، ئەمەش دوای هێرشە بەردەوامەکانی ئێران بۆ سەر ئەو وڵاتانە و دروستکردنی کاریگەری نەرێنی بۆ سەر ئابوورییان، ئەوان (وڵاتانی کەنداو) ئامادە نین کۆنترۆڵی گەرووی هورمز بۆ ماوەیەکی درێژ لە دەستی ئێران بهێڵننەوە.
بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم هەنگاوانەی وڵاتانی کەنداو بۆ ئەوەیە پاڵپشتی لە تواناکانی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بکەن و ڕێگەی نوێ بۆ گورز لێدان لە سەرمایەی ئێران بدۆزنەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ ئاماژەیەک بە ناردنی سەرباز بۆ سەر ئێران نەکراوە، کە سەرکردەکانی وڵاتانی کەنداو هیواداران پێویست نەکات کاری لەم شێوەیە بکەن.
لەم دوایانەدا، سعودییە ڕێگەی بە هێزەکانی ئەمریکا دا بنکەی هێزی ئاسمانی "پاشا فەهد" لە لە ڕۆژئاوای نیمچە دوورگەی عەرەبی وڵاتەکە بەکار بهێنن، لە کاتێکدا، سعودییە لە سەرەتای دەستپێکی جەنگەکە لە 28-2-2026 ڕایگەیاند، ڕێگە بە بنکە سەربازییەکانیان نادەن بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێندرێن، بەڵام هەوڵی سعودییە لە خۆ بەدوورگرتن لە جەنگەکە شکستی هێنا، دوای ئەوەی ئێران دەستی بە هێرشکردنە سەر بنکە گرینگەکانی وزە و ریزای پایتەختی وڵاتەکە کرد.
لە درێژەی ڕاپۆرتەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ دا هاتووە، محەممەد بن سەلمانی شازادەی جێنشینی سعودییە زۆر نزیکە لە بڕیاری هاتنەناوەوەی جەنگەکە و دەستپێکردنی هێرشکردنە سەر ئێران. هەفتەی ڕابردووش فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودییە گووتی: "ئارامی سعودییە لەبەرامبەر هێرشەکانی ئێران بێ سنوور نییە، هەر بڕوایەک کە گوایە وڵاتانی کەنداو توانای وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئیرانیان نییە، هەڵە لێکدانەوەیە لە بابەتەکە.
لە لایەکی دیکەوە ئیماڕات دەستیکردووە بە کۆنترۆلکردنی موڵکەکانی ئێران لە وڵاتەکە، کە هەڕەشەیەکی تووندە بۆ سەر ئەو دەسەڵاتدارانەی ئێران کە دەیانەوێت بۆ ژیانکردن لە وڵاتەکە بمێننەوە، هاوکات مشتومڕی ناردنی سوپای خۆی بۆ جەنگەکە دەکات، وە دژی ئاگربەستە چونکە وا دەکات هێزە سەربازییەکانی ئێران بە ساغی بمێننەوە.
لەمدواییانەدا ئیماڕات نەخۆشخانەی ئێرانی و یانەی ئێرانی لە دوبەی داخست. ژمارەی تەلەفۆن و کەناڵی واتساپ و ماڵپەڕی نەخۆشخانەکە لە ڕۆژی دووشەممەوە لە کار کەوتوون، بەرپرسانی تەندروستی دوبەی دەڵێن: "ئەو دامەزراوەیە چیتر کار ناکات."
ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە، 23-3-2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەژماری فەرمی خۆی لە پلاتفۆڕمی تروس سۆشیاڵ ڕایگەیاند، بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ هێرشەکانیان بۆ سەر وێستگەکانی کارەبا و ژێرخانی ئێران ڕادەگرن، ماوەی دوو ڕۆژە گفتوگۆی باشیان لەگەڵ وڵاتەکە لەبارەی ڕێککەوتن کردووە.
دوای ڕاگەیەندراوەکەی ترەمپ، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، هەر جۆرە رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران واژۆ بکرێت، دەبێت بەرژەوەندییە بنەڕەتییەکانی ئیسرائیل بپارێزێت، تا ئەو کاتەش لە هێرشەکانیان بەردەوام دەبن و چەند ڕۆژێک پێش ئێستا دوو زانای دیکەی ئەتۆمی ئێرانیان لەناوبردووە.