وەزارەتی پێشمەرگە بە تووندی لە دژی شەهید بوونی 6 پێشمەرگە هاتە دەنگ
وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان هێرشەکانی سەر هێزەکانیان لە سنووری سۆران شەرمەزار کرد و دەڵێت: "هەموو مافێکمان هەیە بۆ بەرپەرچدانەوە"
کەمێک پێش ئێستا وەزارەتی پێشمەرگە ڕاگەیاندراوێکی لەسەر هێرشە مووشەکییەکانی شەوی ڕابردووی سەر هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بڵاوکردەوە و بە تووندی هێرش دەکاتە سەر ئێران و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات لەسەر ئەم پێشلکارییە بێدەنگ نەبن و سنوورێک بۆ ئەم دەستدرێژییە بێباکانە دابنرێت.
لە ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە دا هاتووە، "لە کردەوەیەکی دوژمنکارانە و بە غەدر و خیانەت و دوور لە ئاکاری مرۆڤایەتی و دراوسێیەتی، دوێنێ لە ئەنجامی هێرشی شەش مووشەکی بالیستی بۆ سەر پێگەکانی هێزەکانی پێشمەرگە، شەش پێشمەرگە شەهید بوون و زیاتر لە 30 پێشمەرگە بریندار بوون."
وەزارەتی پێشمەرگە لەسەر ئەم هێرەشە مووشەکییەی پەیامی تووند بۆ ئێران دەنێرێت و ئاماژە بەوە دەکات، "ئێمە هەموو مافێکمان هەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر دەستدرێژیەک کە دەکرێتە سەر گەل و خاکەکەمان."
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، "هەرێمی کوردستان بە هیچ جورێک چاوەڕوانی ئەوەی نەدەکرد بەم جۆرە نامەردانە، وەڵامی هەڵوێستی ئاشتیخوازانەکەی بدرێتەوە، بەڵام تەمەنی غەدر و ستەم کورتە و ئیرادەی ئاشتیخوازی سەردەکەوێت."
دەقی ڕاگەیاندراوەکە:
*ڕاگەیەندراوێک لە وەزارەتی پێشمەرگەوە*
بەرەبەیانی ئەمرۆ ٢٤/٣/٢٠٢٦ لە دوو هێرشی جیاواز دا ، بارەگایەکی فیرقەی ٧ ی پیادەی دەڤەری ١ و هێزێکی فرقەی ٥ ی پیادەی هێزی پێشمەرگە لە سنووری سۆران، لە کردەوەیەکی دوژمنکارانە و بە غەدر و خیانەت و دوور لە هەموو ئاکارێکی مروڤایەتی و دراوسێیەتی، بەر هێرشی ٦ موشەکی بالیستی ئێرانی کەوتن و لە ئەنجامدا ٦ پێشمەرگەی قارەمان شەهید و ٣٠ پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون.
لە کاتێکدا کە بە توندترین شێوە ئەم هێڕشە و هەموو هێڕشە تیروریستیانەی تر کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان شەرمەزار دەکەین، دووپاتی دەکەینەوە کە ئێمە هەموو مافێکمان هەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر دەستدرێژیەک کە دەکرێتە سەر گەل و خاکەکەمان.
بە هیچ جورێک چاوەڕوانی ئەوەمان نەدەکرد بەم جۆرە نامەردانە، وەڵامی هەڵوێستی ئاشتیخوازانەی هەرێمی کوردستان بدرێتەوە. بەڵام تەمەنی غەدر و ستەم کورتە و ئیرادەی ئاشتیخوازی سەردەکەوێت.
وێڕای پرسە و سەرەخۆشیمان بۆ بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدەکانمان ، هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەکانمان دەخوازین . جارێکی دیکەش داوا لە هەموو لایەک دەکەین شەڕ و ئاژاوە لە هەرێمی کوردستان بە دوور بگرن و داواش لە حکومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەموو دۆستانمان دەکەین بەرانبەر ئەم پێشێلکاریانە بێدەنگ نەبن و سنوورێک بۆ ئەم دەستدرێژییە بێباکانە دابنرێت.
وەزارەتی پێشمەرگە
24/3/2026