وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان: نابێت کەناڵەکان ببنە سەکۆیەک بۆ هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نیشتمانی
کورتە
بەبۆنەی هاتنی جەژنی ڕەمەزان و نەورۆز، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان ژمارەیەک ڕێنمایی بۆ کەناڵ و میدیاکان بڵاوکردەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان چەند ڕێنماییەکی بەبۆنەی هاتنی جەژنی ڕەمەزان بڵاوکردەوە و داوای لە میدیا و کەناڵەکان کرد، لە کاتی هەر ڕووداوێکی نەخوازراودا (وەک کەوتنەخوارەوەی درۆن یان مووشەک)، نابێت کێبڕکێ لەسەر پەخشی ڕاستەوخۆ و شکاندنی شکۆی خێزانە زیانبەرکەوتووەکان بکەن.
ڕاگەیەندراوی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان:
بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
بابەت: ڕێنمایی فەرمی بۆ ڕووماڵی میدیایی لە بارودۆخی نائاساییدا
سەرەتا بەبۆنەی هاتنی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز و جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، پیرۆزبایی لەتەواوی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕاگەیاندنکارانی هەرێمی کوردستان دەکەین و خوازیارین لەم بارودۆخە نەخوازراوەدا هەموو لایەک پارێزراوبن.
جێگەی خۆیەتی لەم بۆنەیەداو بەهۆی هەستیاریی دۆخی ناوچەکە و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان، جارێکی تر داوا لە سەرجەم دامەزراوەکانی ڕاگەیاندن، ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی سۆشیال میدیا دەکەین پابەندی ئەم خاڵانەی خوارەوە بن:
بەرپرسیارێتی نیشتمانی:
پێویستە گوتاری میدیایی ئاوێتەی ستراتیژی ئاشتیخوازیی هەرێم بێت و ڕێگە نەدرێت کەناڵەکان ببنە سەکۆیەک بۆ هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نیشتمانی.
سەرچاوەی زانیاری:
تەنیا پشت بە زانیاری و لێدوانی فەرمی گوتەبێژانی دامەزراوە ئەمنییەکان ببەسترێت؛ خۆتان لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی چەواشەکار و بێبنەما بپارێزن.
ڕووماڵی شوێنی ڕووداو:
بڵاوکردنەوەی دەستبەجێی وێنە و ڤیدیۆی شوێنە ئەمنییەکان قەدەغەیە. نابێت میدیا ببێتە هۆی کۆبوونەوەی خەڵک و دروستکردنی مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان.
بەرپرسیارێتی یاسایی لە وەرگێڕان: وەرگێڕانی پەیامی ژەهراوی و شێوێندراوی میدیا بیانییەکان، بڵاوکار لە بەرپرسیارێتی یاسایی نابەخشێت.
پاراستنی نهێنییەکان:
بڵاوکردنەوەی هەر زانیارییەکی وردی سەربازی و ئەمنی کە سەقامگیری کۆمەڵگە بخاتە مەترسییەوە، بە توندی قەدەغەیە.
ڕێزگرتن لە حەرەمی ماڵ و تاک:
لە کاتی هەر ڕووداوێکی نەخوازراودا (وەک کەوتنەخوارەوەی درۆن یان موشەک)، نابێت کێبڕکێ لەسەر پەخشی ڕاستەوخۆ و شکاندنی شکۆی خێزانە زیانبەرکەوتووەکان بکرێت.
داواکارین هەموو لایەک بە هەستی بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە بکەن بۆ پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و سیاسی هەرێمی کوردستان.
وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان
19ی ئازاری 2026